شاومی 25, ئەیلوول 2025

یەکەمین مۆبایل بە چیپسێتی Snapdragon 8 Elite Gen 5 نمایش کرا

پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو کواڵکۆم نوێترین چیپسێتی خۆی بۆ مۆبایلە ئاست بەرزەکانی ئەندرۆید نمایش کرد، ئەمڕۆ شاومی لە چین زنجیرە مۆبایلی شاومی 17 نمایش کرد کە ئەم چیپسێتەیان لەسەر جێگیر کراوە. زنجیرەکە پێک دێت لە جۆری ئاسایی، پرۆ و پرۆ ماکس. جۆری ئاسایی و پرۆ خاوەن ڕوونمایەکی 6.3 ئینجین لە جۆری OLED بە ڕوونی 2656×1220 پێکسڵ (1.5K) و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز. هەروەها ڕووناکی کۆتاییان دەگاتە 3,500 نێت.

شاومی 17

جۆری ئاسایی پاترییەکی قەبارە 7,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێری هەیە و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 100 وات بە وایەر و 50 وات بە بێتەل دەکات بەڵام جۆری پرۆ پاترییەکەی 6,300 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە. شاومی 17 سێ کامێرای 50 مێگاپێکسڵی لە بەشی دواوەیدا هەیە کە کامێرای سەرەکی و تێلەفۆتۆ و گۆشە فراوانن. جۆری ئاسایی کامێرای تێلەفۆتۆکەی توانای نزیککردنەوەی 2.6 هێندەی هەیە بە جۆری ئۆپتیکاڵ بەڵام جۆری پرۆکەی توانای 5 هێندەی هەیە و هەردووکیان کامێرای سێڵفییان 50 مێگاپێکسڵە. جۆری پرۆ لە بەشی دواوەیدا ڕوونمایەکی دیکە هەیە بە قەبارەی 2.66 ئینج کە هاوشێوەی ڕوونمای سەرەکی تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتزە و ڕووناکی کۆتایی دەگاتە 3,500 نێت و چەندین کرداری پێ ئەنجام دەدرێت. لە نێویاندا گۆڕینی وێنەکان بە زیرەکی دەستکرد بۆ شێوەی ئەنیمەیشن. هەردوو جۆری ئاسایی و پرۆ بە 4 ڕەنگی جیاواز بەردەست دەبن و هەردوو مۆبایلەکە خاوەن بڕوانامەی IP68 ـن بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز. نرخی دەستپێکی جۆری ئاسایی بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت لە 630 دۆلارەوە دەست پێ دەکات. هەرچی جۆری پرۆیە بۆ هەمان بیرگە و ڕام نرخی لە 700 دۆلار دەست پێ دەکات.

شاومی 17 پرۆ و پرۆ ماکس.

ئەمساڵ شاومی جۆری پرۆ ماکسی نمایش کردووە!!! سەبارەت بە جۆری پرۆ ماکس خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.9 ئینجییە لە جۆری OLED بە ڕوونی 2K و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز و ڕووناکی کۆتایی دەگاتە 3,500 نێت. کامێراکانی هاوشێوەی جۆری پرۆیە بەڵام بە هەستەوەری جیاواز و بەهێزتر.

پاترییەکی قەبارە 7,500 مللی ئەمپێر/کاتژمێری لەسەر جێگیر کراوە کە بە خێرایی 100 وات بە وایەر و 50 وات بە بێتەل بارگاوی دەبێتەوە. هاوشێوەی دوو جۆرەکەی تر بڕوانامەی IP68 هەیە بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز. ڕوونماکەی دواوەی قەبارەی گەورەترە لە جۆری پرۆ و ئەمیان 2.86 ئینجە. نرخی دەستپێکی جۆری پرۆ ماکس بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 841 دۆلار.

سەرچاوە Xiaomi Weibo
تاگەکان Xiaomi شاومی
بۆچونی تۆ