گووگڵ 3, ئازار 2020

کۆمپانیاکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت ئەنجامدانی 2 کۆنگرەیان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشاندەوە

دوێنێ کۆمپانیاکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت پێکەوە ڕایانگەیاند کە ئەنجامدانی 2 کۆنگرە هەڵدەوەشێننەوە و بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجامیان نادەن.

کۆنگرەکەی گووگڵ بریتییە لە کۆنگرەی Cloud Next و ئەوەی مایکرۆسۆفتیش بریتییە لە MVP Summit، کە هەردووکیان تایبەتن بە ڕایەڵە و زانیارییە ئەلیکترۆنییەکان. گووگڵ دەڵێت بۆ یەکەمجار کۆنگرەی Cloud Next لە ڕێگەی سەرهێڵییەوە ئەنجام دەدەن، کە دەبێتە گەورەترین کۆنگرەی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی سەرهێڵی ئەنجام بدرێت. لە کاتێکدا مایکرۆسۆفتیش هەمان پلانی هەیە بۆ کۆنگرەی MVP Summit و دەیەوێت بە شێوەی سەرهێڵی ئەنجامی بدات.

وا بڕیاربوو کۆنگرەی Cloud Next لە ڕێکەوتی 6 تاوەکو 8 ـی مانگی داهاتوو لە شاری سان فڕانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەڕێوە بچووایە، گووگڵ دەڵێت پارەی بلیتی کۆنگرەکە و هۆتێل بۆ کڕیاران دەگەڕێنێتەوە.

هەرچی دەربارەی کۆنگرەی MVP Summit ـە، وا بڕیاربوو لە ڕێکەوتی 16 تاوەکو 20 ـی ئەم مانگەدا لە ویلایەتی واشنتۆنی ئەمریکا بەڕێوە بچووایە.

کۆنگرەکان گرنگییەکی وەهایان نییە بۆ زۆرینەی گەشەپێدەران، ئەوەی گرنگە، هەریەکە لە کۆنگرەکانی Google I/O و Microsoft Build ـی مانگی 5 ـی ئەمساڵی تایبەت بە گەشەپێدەرانە. تاوەکو ئێستا هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکان بە هۆی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆناوە ڕانەگەیەندراون.

ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,100 ـی کوشتووە و ژمارەی توشبووانیش 92,000 ـی تێپەڕکردووە لە سەرانسەری جیهاندا و بەردەوامە لە تەشەنەکردن بە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ