گووگڵ 3, ئازار 2020

بەپەلە: گووگڵ ئەنجامدانی کۆنگرەی Google I/O 2020 ـی بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشاندەوە

بەداخەوە، کۆمپانیای گووگڵ کۆنگرەی گەشەپێدانی Google I/O 2020 ـی هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵ ئەو کۆنگرەیە بەڕێوە ناچێت.

لە ئیمەیڵێکدا بۆ خاوەن بلیتەکانی کۆنگرەی گەشەپێدانی Google I/O 2020، کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ کۆنگرەکە بە هۆی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێوە ناچێت. هاوکات بە خاوەن بلیتەکانی کۆنگرەکەشی ڕاگەیاندووە کە لە ڕێکەوتی 13 ـی ئەم مانگەدا پارەی بلیتەکان بۆ کڕیاران دەگەڕێنێتەوە، هەروەها میوانانی ئەمساڵی کۆنگرەکە لە ساڵی داهاتوودا بانگهێشت دەکرێنەوە.

وا بڕیار بوو کۆنگرەکە لە ڕێکەوتی 12 تاوەکو 14 ـی مانگی 5 لە شاری ماونتەین ڤیووی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجام بدرایە، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم کۆنگرەیەشی هاوشێوەی ئەوانی دیکەی کۆمپانیاکانی تر هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵ نایبینین کە ئەنجام بدرێت.

گووگڵ ڕایگەیاندووە کە لە ماڵپەڕی تایبەت بە کۆنگرەی Google I/O 2020 زانیاری زیاتر دەربارەی کۆنگرەکە لە داهاتوودا بڵاو دەکەنەوە، باسی لەوە نەکرد کە کۆنگرەکە لە ڕێگەی سەرهێڵییەوە بە ئەنجام دەگەیەنێت یاخود نا.

ئەمە لە کاتێکدا دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەیسبووک کۆنگرەی گەشەپێدانی F8 ـی بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵوەشاندەوە، هەروەها کۆنگرەی جیهانی مۆبایلیش بە هۆی ڤایرۆسەکەوە ئەنجام نەدرا و مایکرۆسۆفت و گووگڵیش 2 کۆنگرەی دیکەیان هەڵوەشاندەوە.

پێشبینی دەکرێت گرنگترین کۆنگرەکانی داهاتوو، لەوانە WWDC 20 ـی ئەپڵ، بە هۆی ڤایرۆسەکە لە ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێن.

ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,100 ـی کوشتووە و ژمارەی توشبووانیش 92,000 ـی تێپەڕکردووە لە سەرانسەری جیهاندا و بەردەوامە لە تەشەنەکردن بە ناوچە جیاوازەکانی جیهان و لەناوبردنی پلانی ئەنجامدانی کۆنگرە تەکنەلۆژییەکان.

بۆچونی تۆ