ئەپڵ
31, کانوونی یەکەم 2025
دوو باشترین مۆبایلی ئاستبەرزی 2025 – هەڵبژێردراوی ستاف

ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی ٢٠٢٥ و چەند کاتژمێرێکی تر دەچینە ساڵی نوێوە. وەک دەستەی نووسەرانی Kitn.net، دوای تاقیکردنەوە و بەراوردکردنی وردی تەکنەلۆژیاکانی ئەمساڵ، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە Samsung Galaxy S25 Ultra و iPhone 17 Pro Max شایستەی نازناوی “باشترین مۆبایلە ئاستبەرزەکان”ـن (Best Flagships) بۆ ساڵی ٢٠٢٥. هەرچەندە رکابەرەکان بەهێز بوون، بەڵام ئەم دوو مۆبایلە بەهۆی ئەم خاڵانەوە بەلای ئێمەوە بوون بەباشترین:
١. سامسۆنگ گالەکسی S25 Ultra: پاشای بەرهەمهێنان (Productivity King)

سامسۆنگ ئەمساڵ توانی هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان هاردوێر و نەرمەواڵەدا دروست بکات:
-
پێنووسی S Pen: هێشتا تاکە مۆبایلی ئاستبەرزە لە جیهاندا کە پێنووسی زیرەکی لەگەڵدایە، ئەمەش وای لێ دەکات باشترین بژاردە بێت بۆ دیزاینەران، خوێندکاران و ئەوانەی تێبینی دەنووسن.
-
ڕوونمای (Anti-Reflective): بەکارهێنانی نەوەی نوێی Gorilla Armor وایکردووە کە بەکارهێنانی مۆبایلەکە لە ژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا بێ وێنە بێت و ڕوونماکە وەک کاغەز دەردەکەوێت.
-
کامێرای گشتگیر: بە هەبوونی زوومی بەهێز و کامێرای سەرەکی ٢٠٠ مێگاپیکسڵ، هیچ مۆبایلێک ناتوانێت لە رووی “فرە کرداری” کامێراوە رکابەری بکات.
- پاڵپشتی نەرمەواڵە: سامسۆنگ جیاواز ڕکابەرەکانی زۆر گرنگی بە نەرمەواڵە دەدات و لە ئێستادا نوێترین وەشانی ئەندرۆید و OneUI8ی بە کۆڵێک تایبەتمەندی لەسەر جێگیر کردووە و بەم نزیکانەش OneUI8.5 بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ترەوە بەردەست دەکات.
- ژیری دەستکرد: پێمان وایە سامسۆنگ لە هەموو کۆمپانیاکان باشتر ژیری دەستکردی لەگەڵ نەرمەواڵەکەی تێکهەڵکێشکردووە و زۆر زۆریش کردارییە. هەر دروستکردن و دەستکاری دەق تا دروستکردن و دەستکاری وێنە و پوختکردنەوە و چەندین کرداری تر بەخۆڕایی لە گالەکسییەکەت جێبەجێ بکە.
٢. ئایفۆن ١٧ پرۆ ماکس: کامڵترین ئەزموونی ئەپڵ تا ئێستا

ئەپڵ لە کۆتایی ٢٠٢٥ دا توانی ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە بەکارهێنەران ساڵانێک بوو چاوەڕێی بوون:
-
سیستەمی ساردکردنەوەی نوێ (Vapor Chamber): بۆ یەکەمجار ئەپڵ سیستەمێکی ساردکردنەوەی پێشکەوتووی بەکارهێنا، کە وایکردووە لە کاتی یاری قورس (Gaming) و مۆنتاژدا مۆبایلەکە گەرم نەبێت و سور نەبێتەوە وەکو پێشتر. بەکرداریش ئەزموونمان کرد، بەڕاستی لە زۆرترین کاری قورس دا بەبەرورد بەناوەکانی پێشتر گەرمبوون نییە لەلای ئەم مۆبایلە.
-
یەکخستنی کامێراکان (48MP Triple Array): ئێستا هەرسێ کامێراکە (سەرەکی، ئەڵتراواید، و تێلەفۆتۆ) ٤٨ مێگاپیکسڵن، ئەمەش وایکردووە جۆڕایەتی وێنە و ڤیدیۆ لە هەموو لێنزەکاندا یەکسان بێت، کە خەونی دروستکەرانی ناوەڕۆکە (Content Creators).
- کامێرای پێشەوەی: هەستەوەری چوارگۆشەی ٢٤ مێگاپێکسڵی تێدا بەکارهاتووە، بەجۆرێک وێنەی Landscape و Portraitی ١٨ مێگاپێکسڵی دەدات کە ئەمە شتێکی زۆر تایبەت و نوێبوو لە مۆبایلە زیرەکەکان. بەجۆرێک پێویستت بە کامێرای پشتەوە نابێت بۆ چرکاندنی وێنەی ئاسۆیی و دەرخستنی دیمەنی زیاتر بۆ کاتی سێڵیفی گرتن.
-
چیپی A19 Pro و ڕامی ١٢ گێگابایت: بەهێزترین چیپ بۆ چارەسەرکردنی ژیری دەستکرد (Apple Intelligence) لەسەر خودی ئامێرەکە بەبێ دواکەوتن و ڕامی زیاتر وای کردووە بەهێزترین ئایفۆن بێت تا ئێستا ئەپڵ دروستی کردبێت.
دەرەنجام: ئەگەر بەدوای مۆبایلێکدا دەگەڕێیت بۆ “کارکردن و بەڕێوەبردن”، ئەوا S25 Ultra بێ رکابەرە. بەڵام ئەگەر بەدوای “باشترین تۆمارکردنی ڤیدیۆ و یاری کردن”دا دەگەڕێیت، iPhone 17 Pro Max باشترین هەڵبژاردەی ساڵە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!