ئەپ و نەرمەکاڵا 18, شوبات 2026

زیاتر لە 10 ئەپی پێویست بۆ مانگی ڕەمەزان بۆ Android و iOS

سوپاس بۆ خوا بۆ ساڵێکی تر گەیشتینەوە بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزانتان لێ دەکەین و بەهیواین مانگێکی پڕ خێر و بەرەکەت بێت. ئینجا بۆ ئەوەی ڕەمەزانێکی بەرهەمدارترمان هەبێت و لە هەرکوێیەک بێت لە عیبادەت کردن نەوەستین، چەند ئەپێکمان ئامادەکردووە بۆ ئێوە.

بۆ داگرتن لە تەنیشت ناوی ئەپەکان ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس هەیە. پەنجەی لێ بدە بۆ سیستەمی دیاری کراو دەتوانیت ئەپەکە دابگریت.

– تەفسیری نوور (ئەندرۆید)

یەکێکە لە ئەپە زۆر تایبەتەکان کە پەرەپێدەرەکەی کوردە، بەڵام بە داخەوە تەنها لەسەر سیستەمی ئەندرۆید بەردەستە. ئەتوانم بڵێم ئەپەکە هەموو بابەتێکی ئاینی ئیسلام لە خۆ ئەگرێت. وەک، قورئان، فەرموودە، تەفسیری قورئان بە چەند زمانی جیاواز، زیکرەکان، خوێندنەوەی قورئان بە شێوەی دەنگی، کاتەکانی بانگ بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان و فەرهەنگی وشەکانیش لە خۆ ئەگرێت. تەنها بە باسکردنی لێرەدا ناتوانم حەقی تەواوەتی پێ بدەم، بۆیە ئەپەکە دابەزێنە و تاقی بکەوە.

– قەڵای مسوڵمان (ئەندرۆید و iOS)

ئەپی قەڵای موسڵمان هەموو ئەم وێرد و زیکرانەی تێدایە کە مسوڵمانێک ڕۆژانە و لەکاتە جیاوازەکان پێویستی پێی دەبێت بە وەرگێڕانی کوردییەوە لەگەڵ بوونی تێبینی و چەندی وردەکاری گرنگ.

– نور (ئەندرۆید و iOS)

ئەم ئەپەش بە شێوەیەکی گشتی هەموو بەشەکان لە خۆ دەگرێت، وەک کاتەکانی بانگی شارەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی جیهان، قورئانی پیرۆز، تەفسیری بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی، زیکرەکان، فەرموودە، کتێبخانە، شیکردنەوە و باس کردنی بابەتە جیاوازەکان، قیبلەنما و زۆر شتی دیکە.

– نور Noor (ئەندرۆید و iOS)

ئەم ئەپەش هەر ناوی نوورە، بەڵام پەرەپێدەرەکەی جیاوازە و لە ڕووی دیزاین و ناوەڕۆکەوە جیاوازە. خاوەن دیزاینێکی جوانە و هاوچەرخە و بۆ هەردوو سیستەم بەردەستە. ئەمە جگە لەوەی بەشێوەی ماڵپەڕیش بەردەستە.

– کاتەکانی بانگ (ئەندرۆید و iOS)

سەرنجی سەرەکی ئەپەکە لەسەر کاتەکانی بانگە کە زۆربەی شارەکانی جیهانی تێدایە بە کوردستانیشەوە، هەورەها بەشی زیکر، ناوەکانی خودا و قیبلەنماش لە خۆ ئەگرێت.

– بانگ (ئەندرۆید و iOS)

بەهەمان شێوەی ئەپەکەی پێشووترە کە باسمان کرد، ئەم ئەپەش سەرنجی سەرەکی لەسەر کاتەکانی بانگە و کاتی بانگی هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە خۆ ئەگرێت، جگە لەوەش، قورئانی پیرۆز، قیبلەنما و نزاکان (دووعاکان)ـی قورئانیش لە خۆ ئەگرێت.

– وەڵامەکان (ئەندرۆید و iOS)

ئەپەکە بە هەزاران وەڵامی پرسیارە جۆراو جۆرەکان لە خۆ دەگرێت کە پەیوەستە بە ئاینی ئیسلامەوە، کە لەلایەن مامۆستا و کەسانی شارەزا وەڵام دراونەتەوە بە بەڵگەی قورئان و فەرموودە.

– Tarteel (ئەندرۆید و iOS)

ئەپەکە تایبەت بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بە شێوەی تەجوید. ئەپەکە زۆر هاوکاریت دەکات و هەموو هەڵەکانت بۆ دیاری دەکات، هەروەها بە ژیری دەستکرد بەهێز کراوە و ئەو بەشانەت بۆ دیاری دەکات کە لە بیرت چووەتەوە یان هەڵەت لێ کردووە. هەروەها هەموو پێشکەوتنەکانت تۆمار دەکات و بۆ ئەوەی بیرت نەچێت کە کۆتا جار لە کوێ وەستایت.

– Al Quran (ئەندرۆید و iOS)

ئەپەکە تایبەتە خوێندنەوەی قورئان، بەڵام هەر ئەپێکی سادە نییە. بەڵکو قورئانی پیرۆزی بە چەند ڕووپەری جیاواز تێدایە، هەروەها وەرگێڕانی وشە بە وشە و چەندین تەفسیری قورئانیش بە زمانی جیاواز و تەنانەت زمانی کوردیش. جگە لەوەش دەتوانیت بە دەنگ گوێ لە قورئان بگریت و دواین خوێندنەوەکانت دەستنیشان بکەیت تاکو بۆ جاری داهاتوو لە هەمان شوێنەوە بەردەوام بیت.

– Deen (ئەندرۆید و iOS)

ئەمەش یەکێکە لە ئەپە گشتگیرەکانی دیکە، کە ڕووکارەکەی زۆر سەردەمییانەیە. بەشی قورئان لە خۆ دەگرێت بە خوێندنەوەی دەنگییەوە. هەروەها بەشی نزا (دوعا) کردنی هەیە. ئەپەکە بەشێکی زۆر سەرنج ڕاکێشی هەیە کە زۆرێک لە بابەتە ئاینییەکانی تێدا شیکراوەتەوە بە بەڵگەی قورئان و فەرموودە. جگە لەوانەش، کاتەکانی بانگ و قیبلەنماش لە ئەپەکە بوونی هەیە.

* تێبینی: کاتەکانی بانگی شارەکانی کوردستانی ڕاست نییە، بۆیە پشتی پێ مەبەستن لەو ڕووەوە.

– تەفسیرە کوردییەکان

سوپاس بۆ خوا کە زۆرێک لە تەفسیرە کوردییەکان ئێستا بە شێوە ئەپ لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS بەردەستن، وە زۆربەشییان خوێندنەوەی قورئان بە دەنگ لە خۆ دەگرن بە دەنگی قورئانخوێنی کورد و بیانییەکان.
ئەمەش چەند تەفسیرێکی کوردییە دەتوانن سوودی لێ ببینن:
– تەفسیری تەوحید (ئەندرۆید، iOS)
– تەفسیری باران (ئەندرۆید، iOS)
– تەفسیری ئاسان (ئەندرۆید، iOS)
– تەفسیری پێشین (ئەندرۆید، iOS)
– تەفسیری ڕامان (ئەندرۆید، iOS)
– تەفسیری مویەسەر (ئەندرۆید، iOS)

– ئەپی Quran Majeed (ئەندرۆید و iOS)

ئەمە ئەپێکی قورئانە و خاوەن دیزاینێکی جوانە. ئەوەی ئەم ئەپە جیادەکاتەوە بوونی چەندین تەفسیر و وەرگێران بە چەندین زمانی جیاواز و هەروەها تایبەتمەندی خۆکارانە ڕۆیشتنی پەڕەکان بەبێ ئەوەی پەنجە لە ڕوونمای مۆبایلەکە بخشێنیت. خاوەنی موسحەفی تەجویدە و بەشی فێربوونی تێدایە. لە ڕاستیدا، ئەپێکی نایاب و تایبەتە.

– ئەپی Alketab (ئای ئۆ ئێس)

ئەمە ئەپێکی قورئانی پیرۆزە و خاوەن لاپەڕەی زۆر جوانە. هۆکاری پێشنیارکردنی بۆ ئێوە ئەوەیە خاوەن بەشی لەبەرکردن و خەتمکردن و چەندین تایبەتمەندی ترە.

– ئەپی Athkar (ئای ئۆ ئێس)

ئەپی وێردەکانە و دیزاینێکی سەرەنج ڕاکێشی هەیە. پڕە لە تایبەتمەندی و گشت وێردەکانی تێدایە بۆ کاتە جیاوازەکان.

بۆچونی تۆ