ئەپڵ 2, ئازار 2026

ئەپڵ بە فەرمی iPhone 17e ڕاگەیاند: تایبەتمەندی بەهێزتر بە هەمان نرخی پێشوو!

دوای چەندین دەنگۆ، کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی مۆبایلی iPhone 17eی ڕاگەیاند. ئەم مۆبایلە نوێیە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە چیپی بەهێزی A19 و گەڕانەوەی بارگاویکردنەوەی MagSafe، لەگەڵ دوو هێندەبوونی قەبارەی بیرگە بەبێ زیادبوونی نرخەکەی. لەخوارەوە پوختەی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم مۆبایلەتان بۆ دەخەمەڕوو.

١. پڕۆسێسەر و خێرایی زۆرتر مۆبایلەکە بە چیپی A19 کار دەکات (هەمان ئەو چیپەی لە زنجیرەی سەرەکی ئایفۆن ١٧دا بەکارهێنراوە). ئەم چیپە خاوەنی یەکەی گرافیکی (GPU) ٦-ناوک و پرۆسێسەری ٤-ناوکە، کە بەپێی وتەی ئەپڵ خێراییەکەی دوو هێندەی ئایفۆن ١١یە. هەروەها نەوەی نوێی (16-Core Neural Engine)ی تێدایە کە بەتەواوی گونجێنراوە بۆ کارپێکردنی مۆدێلە گەورەکانی ژیریی دەستکرد (AI). لە ڕووی پەیوەندییەوە، مۆبایلەکە مۆدێمی C1Xی ئەپڵی تێدایە، کە لە iPhone Airیشدا هەیە، ئەمەش وادەکات خێرایی ئینتەرنێتی مۆبایل واتا (Cellular Data) دوو هێندەی ئایفۆن 16e خێراتر بێت.

٢. دیزاین و ڕوونمایەکی پارێزراوتر: ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە بە نەوەی دووەمی قەڵغانی سیرامیک (Ceramic Shield 2) پارێزراوە، کە سێ هێندە بەرگەگرتنی زیاترە بۆ ڕووشان بەراورد بە نەوەی پێشوو. هەروەها تایبەتمەندی دژە-درەوشانەوەی (Anti-reflective) بۆ زیادکراوە کە ڕووناکی کەمتر دەداتەوە لە بەر خۆردا و بینین ئاسانتر دەکات.

٣. پاتری و بارگاویکردنەوە (MagSafe گەڕایەوە!) یەکێک لە گەورەترین گلەییەکانی بەکارهێنەران لە مۆدێلی پێشوو (16e) نەبوونی MagSafe بوو. ئەپڵ لەم مۆدێلەدا MagSafeی گەڕاندووەتەوە و ئێستا دەتوانیت بە خێرایی 15W مۆبایلەکە بە بێ وایەر شەحن بکەیتەوە، لە کاتێکدا مۆدێلی پێشوو تەنها 7.5W بوو. خێرایی بارگاویکردنەوەی وایەریش باشتر کراوە، دەتوانیت لە ماوەی ٣٠ خولەکدا ٥٠٪ی پاترییەکە پڕ بکەیتەوە. توانای پاترییەکەش بۆ ماوەی ٢٦ کاتژمێر بەکارهێنان بەرگە دەگرێت.

٤. پێشکەوتنی کامێرا کامێرای پشتەوەی مۆبایلەکە پرۆسێسکردنی وێنەکانی بۆ دۆخی پۆرترەیت (Portrait Mode) باشتر کردووە. ئێستا دەتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تەنەکان بناسێتەوە و پشتگیری لە کۆنتڕۆڵکردنی فۆکەس و قووڵی (Focus and Depth Control) دەکات بۆ گرتنی وێنەی پۆرترەیتی پێشکەوتووتر لە جاران.

٥. نرخ و بەردەستبوون: ئەپڵ سوپڕایزێکی گەورەی بۆ کڕیاران ئامادە کردووە؛ قەبارەی سەرەتایی بیرگەی مۆبایلەکە کراوە بە ٢٥٦ گێگابایت، بەڵام نرخەکەی هەمان نرخی پێشووە کە تەنها ٥٩٩ دۆلارە، کە پێشتر بەو نرخە تەنها ١٢٨ گێگابایتت دەستدەکەوت. مۆبایلەکە بە سێ ڕەنگی (ڕەش، سپی، و پەمەیی کاڵ – Soft Pink) بەردەست دەبێت. داواکاری پێشوەختە (Pre-order) لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ئازارەوە دەست پێدەکات و لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٦ بە فەرمی دەگاتە بازاڕەکان.

تاگەکان Apple iPhone17e
بۆچونی تۆ