
ئەپڵ بە ڕاگەیاندنی لاپتۆپی MacBook Neo بە نرخی ٥٩٩ دۆلار، هەوادارانی خۆی سەرسام کرد. ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆشە بۆ ئەوانەی بەدوای ئامێرێکی ئابووری و بەهێزی ئەپڵ دەگەڕێن. بەڵام پێش ئەوەی بەپەلە بڕیاری کڕین بدەیت، پێویستە بزانیت ئەپڵ بۆ دابەزاندنی ئەم نرخە چەند گۆڕانکارییەکی کردووە. لێرەدا بە سادەیی و دوور لە بێزاری، ٥ خاڵی گرنگت بۆ دەخەینە ڕوو کە دەبێت پێش کڕین بیزانیت:
١. چیپی ئایفۆنێک لەناو لاپتۆپدا!
ئەم لاپتۆپە کار بە چیپەکانی زنجیرەی M (وەک M3 یان M4) ناکات. لەبری ئەوە، چیپی A18 Proـی تێدایە کە هەمان ئەو چیپەیە لەناو iPhone 16 Proـدا هەیە! سەرەڕای ئەوەش، بۆ کارەکانی ڕۆژانەی وەک گەڕان لە ئینتەرنێت، نووسین، بەکارهێنانی ئەپەکانی ئۆفیس، و ئەرکەکانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد (AI) تەواو گونجاوە. لە هەمووشی باشتر؟ پاترییەکەی ١٦ کاتژمێر بەرگە دەگرێت!
٢. بژاردەکانی ڕام و بیرگە سنووردارن
ئەگەر بەتەمای کاری قورسی مۆنتاژ و کردنەوەی دەیان بەرنامەی قورسیت لە یەک کاتدا، ئەم ئامێرە بۆ تۆ نییە. ماکبووک نیۆ تەنها و تەنها بە یەک بژاردەی ٨ گێگابایت ڕام بەردەستە. بۆ بیرگەش، دەتوانیت لە نێوان ٢٥٦ یان ٥١٢ گێگابایت یەکێکیان هەڵبژێریت.
٣. ماڵئاوایی لە ڕووناکی کیبۆرد و کرتەی تراکپاد!
بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان، ئەپڵ گڵۆپی ژێر دوگمەکانی کیبۆردەکەی واتا Backlit keys لابردووە، بۆیە نووسین لە شەودا کەمێک قورس دەبێت. هەروەها تراکپادەکەی هەستی لەرینەوە و کرتەکردنی واتا Haptic feedback نەماوە، هەرچەندە هێشتا شووشەیەکی سافی نایابە و زۆر بە باشی کار دەکات.
٤. پەنجەمۆر (Touch ID) لە هەموو مۆدێلەکاندا نییە!
ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە! ئەگەر هەرزانترین مۆدێل بکڕیت (٢٥٦ گێگابایت)، هەستەوەری پەنجەمۆری تێدا نییە و دەبێت هەموو جارێک پاسوۆردەکەت بە دەست بنووسیت. ئەگەر دەتەوێت پەنجەمۆرت هەبێت، دەبێت مۆدێلە گرانترەکەی کە ٥١٢ گێگابایتە، بکڕیت.
٥. تەنها یەک مۆنیتەری دەرەکی
ئەگەر لەو کەسانەیت حەز دەکەیت لاپتۆپەکەت بە چەند مۆنیتەرێکی گەورەوە ببەستیتەوە، ماکبووک نیۆ تەنها ڕێگەت پێدەدات یەک مۆینتەری دەرەکی (External Monitor) بەکاربهێنیت. بێگومان ئەمە بۆ زۆرینەی بەکارهێنەران کێشە نییە، بەڵام بۆ کەسانی پڕۆفیشناڵ لەوانەیە بێزارکەر بێت.
نرخی ئەم لاپتۆپە چۆنە؟
-
مۆدێلی ٢٥٦ گێگابایت: ٥٩٩ دۆلار.
-
مۆدێلی ٥١٢ گێگابایت (بە Touch IDـیەوە): ٦٩٩ دۆلار.
-
داشکاندنی ١٠٠ دۆلاری بۆ مامۆستایان و قوتابیان هەیە، واتە دەتوانیت بە ٤٩٩ دۆلار دەستت بکەوێت!
سەرەڕای ئەم کەمکردنەوانە، MacBook Neo هێشتا باشترین و هەرزانترین دەروازەیە بۆ چوونە ناو جیهانی ئەپڵەوە، بەتایبەتی کە سیستەمی پێشکەوتووی macOS لەسەرە و جێگرەوەیەکی زۆر بەهێزە بۆ لاپتۆپە ئابوورییەکانی تر وەک کرۆمبووکەکان و تەنانەت Surface Laptopی مایکڕۆسۆفت.
ڕای تۆ چییە؟ ئامادەیت بیکڕیت یان پێت باشترە پارەی زیاتر کۆبکەیتەوە بۆ کڕینی ماکبووک ئێیەر؟ لە کۆمێنت پێمان بڵێ👇