جۆراوجۆر
20, ئاب 2023
ئایا مۆبایل خستنە نێو برنج دەبێتە هۆی وشک بوونەوەی؟

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Rossen تەڕ بوونی مۆبایل و کەوتنە نێو ئاوی مۆبایل لە مانگەکانی هاویندا بە ڕێژەی 70% بەرز دەبێتەوە، بەهۆی کەوتنە نێو حەوزی ئاو یاخوود هەر هۆکارێکی دیکە.
وە یەکەمین ئامۆژگاری کە بۆمان دەکرێت ئەوەیە کە مۆبایلەکانمان بخەینە نێو برنج، ئایا ئەمە ڕاستە؟ نەخێر.
پێگەی Rossen لەگەڵ شارەزاییەکی تەکنیکی بە ناوی Jackson Holbrook قسەی کردووە و ئەو وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەداتەوە.
لەوانەیە مۆبایلەکەت کەوتبێتە نێو ئاو بەڵام نەسووتابێت، لەگەڵ ئەوەش دەزانین چوونەژوورەوەی ئاو بۆ نێو پارچەکانی مۆبایل باش نییە و دەبێتە هۆی ڕێگری لە کاری هەندێکیان و دەبێتە هۆی ژەنگ داهاتن و لەکار خستنی هەندێکی دیکەیان بە پێی کات، بەڵام ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە ڕوویدا، ئەوە لەوانەیە تۆ ئاسوودە نەبیت بە کردنەوەی مۆبایلەکەت، بۆیە بەم ڕێگایانە بزانە کە ئایا مۆبایلەکەت ناوەوەی تەڕ بووە یاخوود نا:
– دەنگ – دەنگی پەیوەندی تەلەفۆنی و دەنگی مۆسیقا شێواوە.
– ناتوانیت مۆبایلەکەت بارگاوی بکەیتەوە و مۆبایلەکەت خۆی ئاگادارت دەکاتەوە لە تەڕ بوونی.
– لە کاتی پەیوەست بوون بە هێدفۆن کێشەی بۆ درووست دەبێت.
– ئاو یاخوود پیسییەکی شێوە ئاوی لە نێو هاوێنەی کامێرا.
ئێستاش کە زانیمان ئاو چۆتە نێو مۆبایلەکانمان، بۆچی نابێت بیخەینە نێو برنج؟
هەرگیز برنج بەکار مەهێنە، پێمان وتراوە کە برنجی نەکوڵاو و وشک دەبێتە هۆی وشک کردنەوەی مۆبایلەکەت، بەڵام وا نییە و بگرە زیانی زیاترە وەک لە قازانج، تۆز و نیشاستە دەچێتە نێو مۆبایلەکەتەوە و زیانێکی زیاتر بە ناوچەی دەرچەکانی (بە تایبەت) خوارەوەی دەگەیەنێت و ڕەنگە ببێتە هۆی گیر خواردنی دەنکە برنجیش لە هەندێک لە دەرچەکاندا.
برنج هیچ سیفەتێکی ئاو ڕاکێشانی نییە و نابێتە هۆی خێراتر وشک کردنەوەی مۆبایلەکەت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.