ئەپڵ 6, تشرینی یه‌كه‌م 2020

بە فەرمی ڕێکەوتی نمایشکردنی iPhone 12 ئاشکرا کرا

کەمێک پێش ئێستا کۆمپانیای ئەپڵ ڕێکەوتی ئەنجامدانی بۆنەیەکی تایبەت بە نمایشکردنی زنجیرە مۆبایلی نوێی iPhone 12 ـی ئاشکرا کرد.

کۆمپانیاکە لە ڕێکەوتی 13 ـی ئەم مانگەدا بۆنەیەکی تایبەت بە نمایشکردنی iPhone 12 لە ژێر ناوی “.Hi, Speed – سڵاو، خێرایی.” ئەنجام دەدات لە کاتژمێر 10:00 ـی بەرەبەیان بە کاتی ڕۆژئاوای ئەمریکا و 8:00 ـی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان.

هیچ مایەی سەرسامی نییە کە نمایشکردنی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ کەمێک دواکەوتنی بە خۆیەوە بینی، چونکە ئەپڵ لە تەمووزی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە ئەمە ڕوودەدات. وا پێدەچێت هۆکاری ئەمە بگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆسی COVID-19. کۆمپانیاکە لە مانگی ڕابردوودا Apple Watch و iPad ـی نوێ نمایش کرد، بەڵام ئایفۆنە نوێیەکان لە ئامێرە نمایشکراوەکان نەبوون.

چاوەڕوان دەکرێت لەم بۆنەیەدا، ئەپڵ 4 جۆر لە مۆبایلی iPhone 12 بە قەبارەکانی 5.4 (iPhone 12) و دووانی 6.1 (iPhone 12 Max و iPhone 12 Pro) و 6.7 (iPhone 12 Pro Max) ئینج نمایش بکات، تەنانەت هەندێک پڕوپاگەندە باسی نمایشکردنی 5 جۆر دەکەن. دەگوترێت جیاوازی هەرە گەورەی نێو ئەم زنجیرە ئایفۆنە نوێیە، ژمارە و توانستی کامێراکانیان دەبن.

چاوەڕوان دەکرێت ئایفۆنەکانی iPhone 12 و iPhone 12 Max خاوەن دوو کامێرا ببن لە پشتەوە، لە کاتێکدا کە iPhone 12 Pro و iPhone 12 Pro Max لە پشتەوە خاوەن سێ کامێرای ئاست بەرز و هەستەوەرێکی زیاتر بە ناوی LiDAR Scanner تایبەت بە ڕاستی خەیاڵی دەبن.

لە ڕووی تایبەتمەندییەکانی دیکەوە، دەنگۆکان دەڵێن سەرجەم زنجیرە ئایفۆنە نوێیەکان خاوەن ڕوونمای جۆری OLED دەبن لەگەڵ پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بە هەبوونی mmWave 5G و sub-6GHz 5G، وە دیزاینی لێوارەکانیان تەخت و هاوشێوەی iPhone 4 ـی 2010 دەبن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ