سامسۆنگ 26, ئازار 2026

گالەکسی A57 و A37 نمایشکران؛ هەموو شتێک لێرە بخوێنەوە!

یەکێک لە گرنگترین ڕاگەیاندنەکانی سامسۆنگ بۆ مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان کۆتایی هات! کۆمپانیای سامسۆنگ بە فەرمی هەردوو مۆبایلی نەوەی نوێی Galaxy A57 و Galaxy A37ـی ئاشکرا کرد. ئەم دوو مۆبایلە نوێیە کۆمەڵێک پێشکەوتنی بەرچاویان لە ڕووی دیزاین، کامێرا، زیرەکی دەستکرد و بەرگەگرتنەوە بەخۆوە بینیوە، سەرەڕای ئەوەی گۆڕانکاری لە نرخەکانیشیاندا کراوە، بەلایەنی کەم لە ئەوروپا. لە خوارەوە بەجیا وردەکارییەکانی هەر دوو مۆبایلەکەتان بۆ دەخەمەڕوو.

مۆبایلی Samsung Galaxy A57: تەنکتر، خێراتر، بەڵام گرانتر!

لە مۆبایلی Galaxy A57 هەوڵدراوە درێژە بە سەرکەوتنەکانی نەوەی پێشووی بدرێت بە هێنانی دیزاینێکی تەنکتر، چیپێکی نوێ و چەندین تایبەتمەندی زیرەکی دەستکرد (AI). ئەم مۆبایلە ئێستا تەنکترین مۆبایلی زنجیرەی Aـیە لە دوای دروستبوونی Galaxy A50ـەوە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا!

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی Galaxy A57:

  • دیزاین و قەبارە: ئەستوورییەکەی تەنها ٦.٩ ملیمەترە و کێشەکەی ١٧٩ گرامە. چوارچێوەکەی لە کانزا دروستکراوە و پێشەوە و پشتەوەی بە شوشەی جۆری (Gorilla Glass Victus+) پارێزراوە.
  • ڕوونما: قەبارە ٦.٧ ئینجی لە جۆری FHD+ Super AMOLED+ لەخۆدەگرێت، بە تێکڕای نوێبوونەوەی 120Hz و ڕووناکییەکەی دەگاتە ١٩٠٠ نیتس (Nits).
  • چیپ: بە چیپی نوێی Exynos 1680 بەهێزکراوە کە سیستەمی ساردکردنەوەی (Vapor Chamber) بە ڕێژەی ١٣٪ گەورەتر کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی بەکارهێنانی سەختدا گەرم نەبێت.
  • ڕام و بیرگە: بۆ یەکەمجار بژاردەی ١٢ گێگابایت ڕام بۆ زنجیرەی A زیادکراوە (بژاردەی ٨ و ١٢ گێگابایت ڕام). بیرگەکانیش بریتین لە ١٢٨، ٢٥٦، و ٥١٢ گێگابایت.
  • کامێرا: ٥٠ مێگاپیکسڵ کامێرای سەرەکی، ١٢ مێگاپیکسڵ گۆشەفراوان (Ultrawide)، و ٥ مێگاپیکسڵ ماکرۆ. کامێرای سێڵفیش ١٢ مێگاپیکسڵە لەگەڵ باشترکردنی وێنەگرتن لە شەودا (Nightography).
  • بەرگەگرتن: بۆ یەکەمجار لە ٧ ساڵی ڕابردوودا، زنجیرەی A بە بڕوانامەی IP68 دێت کە بەرگرییەکی زۆر بەهێزتری هەیە بۆ دژایەتی ئاو و تۆز بەراورد بە نەوەی پێشوو، کە IP67 بوو.

  • پاتری و پەیوەندی: خاوەنی پاترییەکی ٥٠٠٠ ملی ئەمپێرییە. پشتگیری Wi-Fi 6E و بلوتوز 6.0 دەکات.
  • تایبەتمەندییەکانی AI: سیستەمی ئەندرۆید ١٦ و One UI 8.5 لەسەرە. کۆمەڵێک تایبەتمەندی زیرەکی دەستکردی هەیە وەک AI Select، Voice Transcription بۆ گۆڕینی دەنگ بۆ نووسین، هەروەها Circle to Search لەگەڵ Bixby 4.0.
  • نرخ: نرخی دەستپێکی لە ئەوروپا بۆ جۆری (8GB/128GB) دەگاتە ٥٢٩ یۆرۆ، کە ٥٠ یۆرۆ لە مۆدێلی پارساڵ گرانترە.

مۆبایلی Samsung Galaxy A37: کامێرای پێشکەوتوو و بەهێزتر لە جاران

مۆبایلی Galaxy A37 زیاتر سەرەنجی خستووەتە سەر بەرزکردنەوەی کوالێتی کامێرا، بەرگەگرتنێکی زیاتر، لەگەڵ هێنانە خوارەوەی بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی AI بۆ ئاستێکی هەرزانتر.

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی Galaxy A37:

  • ڕوونما: قەبارەی ڕوونماکەی ٦.٧ ئینجە لە جۆری Super AMOLED بە ڕوونی Full HD+ و تێکڕای نوێبوونەوەی 120Hz. ڕووناکییەکەشی لە کاتی لێدانی ناوەڕۆکی HDR دەگاتە ١٩٠٠ نێتس. هەستەوەری پەنجەمۆر لە ژێر ڕوونمایە وەکو A57.
  • چیپ: بە چیپی Exynos 1480 کاردەکات کە بە تەکنەلۆژیای ٤ نانۆمەتری دروستکراوە.
  • ڕام و بیرگە: ڕامەکانی بریتین لە ٦، ٨، و ١٢ گێگابایت (LPDDR5X). بیرگەکانیش ١٢٨ و ٢٥٦ گێگابایتن.
  • کامێرا: کامێرای سەرەکی هەر ٥٠ مێگاپێکسڵە بەڵام کەمێک گەورەتر کراوە و پشتگیری OIS و گرتنی ڤیدیۆی 10-bit HDR دەکات. هەروەها ٨ مێگاپیکسڵ کامێرای گۆشەفراوان و ٥ مێگاپیکسڵ ماکرۆی هەیە. کامێرای پێشەوەشی ١٢ مێگاپیکسڵە بە تایبەتمەندی Super HDR.

  • دیزاین و بەرگەگرتن: چوارچێوەکەی پلاستیکە، بەڵام پێشەوە و پشتەوەی بە شوشەی (Gorilla Glass Victus+) پارێزراوە. هەروەها هاوشێوەی A57، ئەمیش بڕوانامەی IP68ی بۆ بەرگەگرتنی ئاو و تۆز هەیە.
  • سیستەم و ئەپدەیت: بە ئەندرۆید ١٦ و One UI 8.5ـەوە دێت. سامسۆنگ بەڵێنی داوە کە بۆ ماوەی ٦ ساڵ ئەپدەیتی سیستەم و ئاسایشی پێ بدات!
  • نرخ: نرخی دەستپێکی لە ئەوروپا بۆ (6GB/128GB) لە ٤٢٩ یۆرۆوە دەستپێدەکات. بە چوار ڕەنگ بەردەست دەبێت (ڕەش، سەوزی خۆڵەمێشی، وەنەوشەیی، و سپی).

هەردوو مۆبایلەکە لە مانگی ٤ دەست بە فرۆشتنیان دەکرێت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

پێت وایە مۆبایلی A57 شایەنی ئەو بەرزکردنەوەیەی نرخەیەتی؟ لە ناوچەی ئێمە کامەیان بازاڕێکی باشتری دەبێت؟ پێت وایە لە عێراق و کوردستان نرخی بەرزبێتەوە؟
سەرچاوە سام مۆبایل
بۆچونی تۆ