پێدەچێت ساڵی ٢٠٢٦ بۆ تێلەگرام ساڵی داهێنانە گەورەکان بێت! لە نوێترین وەشانیدا کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا، تێلەگرام کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێ و نایابی ناساندووە کە تەواوی ئەزموونی بەکارهێنان دەگۆڕێت، لەوانە دەستکاریکەری دەق بە ژیریی دەستکرد پاڵپشتی بە پڕۆژەی کەکون Cocoon، ڕاپرسییە (Poll) پێشکەوتووەکان، و چەندین نوێکاری تری سەرسوڕهێنەر.
لەڕاستیدا، تێلەگرام جارێکی تر سەلماندی کە بۆچی پێشەنگی ئەپەکانی نامەگۆڕینەوەیە لە جیهاندا چونکە کۆمەڵێک ئامرازی نوێ زیادکراون کە ئاسانکارییەکی یەکجار زۆر بۆ بەکارهێنەران و خاوەن کەناڵەکان دەکەن.
ئەمانەی خوارەوە دیارترین زیادکراو و نوێکارییەکانن:
١. دەستکاریکەری دەق بە ژیریی دەستکرد (AI Text Editor)
ئێستا لەناو شوێنی نووسینی نامەکەتدا، ئەگەر لە ٣ دێڕ زیاترت نووسیبێت، ئایکۆنێکی نوێی “Ai” دەردەکەوێت. پەنجەی لێ بدە یان کرتەی لێ بکە و دەتوانیت هەڵەی ڕێزمانی نامەکەت چاک بکەیت، وەریبگێڕیت بۆ زمانێکی تر، یان بەتەواوی ستایلی نووسینەکەت بگۆڕیت! دەتوانیت داوا بکەیت نامەکەت بە شێوازێکی “فەرمی”، “کورت”، یان تەنانەت بە ستایلێکی کۆمیدی و مێژوویی (وەک ڤایکینگ) دابڕێژرێتەوە. ئەمە لە ڕێگەی تۆڕی (Cocoon AI)ـی تێلیگرامەوە کار دەکات و کۆمپانیاکە دڵنیایی دەدات کە تەواوی داتاکان پارێزراون و کەس ناتوانێت بیانخوێنێتەوە.
٢. شۆڕشێک لە ڕاپرسییەکاندا (Mighty Polls)
تێلەگرام زیاتر لە ١٠ تایبەتمەندی نوێی بۆ ڕاپرسی (Poll) زیادکردووە، کە وا دەکات باشترین ئامرازی پرسیارکردن بێت لە هەموو ئەپەکانی تردا:
-
وێنە و ڤیدیۆ: ئێستا دەتوانیت وێنە، ڤیدیۆ یان شوێن (Location) بخەیتە پاڵ پرسیارەکان یان بژاردەکانی وەڵامدانەوە.
-
پێشنیاری بەشداربووان: دەتوانیت ڕێگە بدەیت بەشداربووان خۆیان بژاردەی نوێ پێشنیار بکەن و زیادی بکەن بۆ ڕاپرسییەکە.
-
دانانی کات (Timer): دەتوانیت کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتایی هاتنی ڕاپرسییەکە دابنێیت، و ئەنجامەکان بشاریتەوە تا کاتەکە تەواو دەبێت.
-
تابی نوێ: تابی تایبەت بە ڕاپرسییەکان لەناو پڕۆفایلی گرووپ و کەناڵەکاندا زیادکراوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی ڕاپرسییە کۆن و چالاکەکان بدۆزیتەوە.

٣. وێنەی جوڵاوی ڕەسەن (Live and Motion Photos)
لەمەودوا تێلەگرام بەتەواوی پشتگیری لە وێنەی جوڵاوی ئایفۆن (Live Photos) و ئەندرۆید (Motion Photos) دەکات. کاتێک وێنەیەک دەنێریت، دەتوانیت هەڵبژێریت چۆن لێبدرێت: تەنها یەکجار (Live)، بەردەوام دووبارە ببێتەوە (Loop)، یان بڕوات و بگەڕێتەوە (Bounce).
٤. بۆتەکان، بۆت دروست دەکەن! (Managed Bots)

ئێستا بەکارهێنەران دەتوانن زۆر بە ئاسانی بۆتی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ شارەزاییەکی کۆدنووسین هەبێت. بەهۆی نوێکارییەکی APIـەوە، بۆتەکانی ژیری دەستکرد دەتوانن لەبری تۆ بۆتی تر دروست بکەن و بەڕێوەیان ببەن!
٥. سکانەری بەڵگەنامە بۆ ئایفۆن (Document Scanner on iOS)

بەکارهێنەرانی سیستەمی iOS ئێستا دەتوانن ڕاستەوخۆ لەناو تێلەگرامەوە بە کامێرای مۆبایلەکەیان بەڵگەنامەکان سکان بکەن و چەندین وێنە بکەن بە یەک پەڕگەی PDF. سکانەرەکە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی باکگراوند لادەبات، وێنەکە دەبڕێت، و چەندین فلتەری تێدایە بۆ ڕێکخستنی ڕەنگەکان.
٦. ئاگادارکردنەوە لە ئەپە نافەرمییەکان

بۆ پاراستنی زیاتری ئاسایشی بەکارهێنەران، ئێستا ئەگەر کەسێک بەرنامەیەکی نافەرمیی تێلەگرام (Third-party) بەکاربهێنێت، هێمایەکی ئاگادارکردنەوەی ئاسایشی لەسەر پڕۆفایلەکەی دەردەکەوێت بۆ ئەوەی کەسانی تر بزانن کە نامە ناردن بۆ ئەم کەسە لەوانەیە لە ڕووی پاراستنەوە لاوازتر بێت.
ئەم ئەپدەیتە نوێیە ڕاستەوخۆ بەردەستە لەسەر پلەی ستۆر بۆ ئەندرۆید و ئەپ ستۆر بۆ ئایفۆن، دڵنیابە لەوەی ئەپەکەت نوێکردووەتەوە بۆ ئەوەی سودمەند بیت لە هەموو تایبەتمەندییە نوێیەکان.
تۆ کام لەم تایبەتمەندییانەت زیاتر بەدڵە؟ ئایا AIـیەکەی تێلیگرام تاقیدەکەیتەوە؟ لە کۆمێنت پێمان بڵێ!