سۆنی
11, ئایار 2023
مۆبایلی Sony Xperia 1 V بە ڕوونمای 4K و زیاترەوە نمایش کرا

سۆنی نوێترین مۆبایلی ئاست بەرزی خۆی نمایش کرد بە هەستەوەری نوێی Exmor T کە یەکەمین جارە ئەم هەستەوەرە بەکار دەهێنێت و بەڵێن دەدات وێنەگرتن لە مۆبایلە زیرەکەکان لە ڕووناکی کەمدا بەرەو ئاستێکی دیکە ببات. هەروەها بە ڕوونمای 4K و نوێترین چیپسێتی کواڵکۆم کە Snapdragon 8 Gen 2 ـە.
ڕوونمایەکی قەبارە 6.5 ئینجی لە جۆری OLED بە ڕوونی 4K و تێکڕای نوێ بوونەوەی 120 هێرتز و ڕەهەندی 21:9 لە خۆ دەگرێت. پێش و پاشی بە پارێزەری Gorilla Glass Victus 2 بەهێز کراوە و کامێرای سێڵفی ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە بە هەستەوەرێکی 1/2.9.

بڕوانامەی IP68ی بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز هەیە و بڵندگۆی Stereo و دەرچەی جاکیش لە خۆ دەگرێت. پاترییەکی قەبارە 5,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێری بە بارگاوی کەرەوەی 30 وات لەسەر جێگیر کراوە و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی بێتەل و پێچەوانەش دەکات.
گۆڕانکاری گەورە لە بواری کامێرادا کراوە! مۆبایلە نوێیەکەی سۆنی کامێرای سەرەکی ڕوونی 52 مێگاپێکسڵە بە 1/1.35 کە 1.7 هێندە لە هەستەوەری سەرەکی Xperia 1 IV گەورەترە. هەروەها کامێرای دووەمی ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە بۆ زوومی تێلەفۆتۆ و کامێرای سێیەم ڕوونی 12 مێگاپێکسڵە بۆ گۆشە فراوان.

لە کۆتایی مانگی داهاتوو لە بازاڕەکانی ئەمریکا بە نرخی دەستپێکی 1,399 دۆلار بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بەردەست دەبێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.