شاومی
28, ئازار 2024
شاومی 3 ئۆتۆمبێلی کارەبایی نمایش کرد کە نرخی دەستپێکیان 30,000 دۆلارە

ئەمڕۆ کۆمپانیای شاومی لە کۆتاییدا یەکەمین ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی خۆی نمایش کرد. Xioami SU7, Xiaomi SU7 Pro, Xiaomi SU7 Max.
پێشووتر شاومی پەردەی لەسەر دوو لەم ئۆتۆمبێلانە لادابوو، بەڵام نرخی ئاشکرا نەکردبوون و ئەمڕۆ جۆری سێیەم و پرۆ و تەواوی زانیارییەکانی ئاشکرا کرد. جۆری SU7 هێزی 299 ئەسپە، مەودای 700 کیلۆمەتر دەبڕێت بە یەکجار بارگاوی کردنەوە. تەنها بە 15 خوولەک بارگاوی کردنەوە دەتوانرێت مەودای 310 کیلۆمەتر ببڕێت. نرخی دەستپێکی ئەم جۆرەیان بریتییە لە نزیکەی 30,000 دۆلار لە چین.

جۆری پرۆ توانای بڕینی 830 کیلۆمەتری هەیە بە یەکجار بارگاوی کردنەوە و هەمان هێزی جۆری ئاسایی هەیە و پاترییەکی گەورەتر لە خۆ دەگرێت، وە نرخی دەستپێکی بریتییە لە نزیکەی 34,000 دۆلار لە چین.
هەرچی جۆری ماکسە، بەهێزترین جۆرە و توانای بڕینی مەودای 810 کیلۆمەتری هەیە بەیەکجار بارگاوی کردنەوە و هێزی 673 ئەسپە، وە نرخی دەستپێکی لە چین بریتییە لە نزیکەی 41,500 دۆلار.
شاومی سیستەمی خۆلێخوڕی Pilot Pro بەردەست دەکات بە چیپی Nvidia Orin و سیستەمی LiDAR و 11 کامێرا. ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکان سەردەمیانەیە و 25 بڵندگۆ لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ دوو ڕوونما لە دواوەیدا و HUD ـیەکی 56 ئینجی. پشتگیری لە CarPlay دەکات. ڕوونمای ناوەڕاست و سەرەکی ئۆتۆمبێلەکە قەبارەی 16.0 ئینجە و ڕوونی 3K ـیە و بە چیپسێتی Qualcomm Snapdragon 8295 بەهێز کراوە و دەتوانیت لە خوار تەچ سکرینەکەی دوگمەی بۆ زیاد بکەیت. بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شاومی ڕایگەیاند ئامانجیان ئەوەیە لە ماوەی 15 بۆ 20 ساڵی داهاتوودا کۆمپانیاکەیان یەکێک بێت لە 5 گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی. ئۆتۆمبێلەکات بە 6 ڕەنگی جیاوازی دەرەوە و 4 ڕەنگی جیاوازی ناوەوە بەردەست دەبن.

میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.