بابەتی گرینگ 13, ئازار 2020

لە ڕێگەی ماڵپەڕێکەوە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ خۆت ئەنجام بدە

تا دێت ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنا زیاتر لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا تەشەنە دەکات. بەداخەوە، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێبەش نین لەمە و ڕۆژانە چەندین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا تۆمار دەکرێن.

نەخۆشخانەی ئاسا لە سلێمانی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان ماڵپەڕێکی نوێیان درووست کردووە کە لە ڕێگەیەوە هاوڵاتیان دەتوانن پشکنینی سەرەتایی ڤایرۆسە کوشندەکە بۆ خۆیان ئەنجام بدەن. پشکنینە سەرەتاییەکەی ماڵپەڕەکە، چەند پرسیارێکی وەک پلەی گەرمی و هەبوونی نیشانەی نەخۆشی دیکەت لێ دەکات، کە پێویستە لەسەرت بە درووستی وەڵامیان بدەیتەوە ئەگەر دەتەوێت ئەنجامی درووست وەربگریت.

لە کۆتاییدا و بە کرتە کردن لە دوگمەی “بینینی ئەنجام”، دەزانیت کە تووشی ڤایرۆسەکە بوویت یاخود نا. ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکە نەرێنی بوو، ئەوا داوات لێ دەکات خۆت بپارێزیت و ڕێنماییە تەندرووستییەکان جێبەجێ بکەیت، بە پێچەوانەوە داوات لێ دەکات بە زووترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرم (122) بکەیت یاخود بڕۆیت بۆ نەخۆشخانە.

کرتە لێرە بکە بۆ کردنەوەی ماڵپەڕەکە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.

تکایە ڕێنماییە تەندرووستییەکان جێبەجێ بکە، وە ئەگەر نیشانەکانی ڤایرۆسەکەت تێدایە، بە زووترین کات پەیوەندی بە هیڵی گەرمی (122) بکە یاخود سەردانی سەنتەری چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بکە لە شارەکەت.

ئاگاداربە: مەرج نییە توشبوو بە ڤایرۆسەکە هیچ کام لە نیشانەکانی تێدا بەدیار بکەوێت، وا باشترە سەردانی سەنتەری چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەیت لە شارەکەت بۆ ئەنجامدانی پشکنین ئەگەر هەر گومانێکت هەیە.

بە هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان.

بۆچونی تۆ