ڕێدمی 20, کانوونی دووەم 2026

چێشتی گەرمکراوەی شاومی بەتامی نوێ لە کوردستان بەردەستکرا؛ بزانە چیان لە بەکارهێنەران شاردووتەوە!

ئەمڕۆ و دوای چەند ڕۆژێک لە نمایشکردنی لەسەر ئاستی جیهان، شاومی عێراق داواکاری پێشوەختەی بۆ زنجیرە مۆبایلی Redmi Note 15 لە کوردستان و عێراق بەردەست کرد، ئەو زنجیرەیەی چێشتێکی گەرمکراوەیە بەتامی نوێ پێمان دەفرۆیشن.

ئەوەی جێگەی داخە، ویستم داواکاری پێشوەختە تۆماربکەم کەچی لە ماڵپەڕی فەرمی نەبوو، پاشان سەیری ماڵپەڕی دابەشکاری فەرمی نازۆگروپم کرد، لەوێش تەنها وێنەی هەبوو و نوسرابوو سفر دینار و بەردەست نەبوو، کەچی لە پۆستەکانیان نوسیویانە بەردەست بووە لە هەموو شوێنەکان. تەنانەت پەیوەندیم بە گەورەترین مۆبایل فرۆشی ناوچەکەمەوە کرد، وتی بەردەست نییە، نە بەداواکاری پێشوەختە و نەبەڕاستەوخۆ، تەنانەت پێشی سەیر بوو.

ئەم زنجیرە مۆبایلەی ئەمساڵی Redmi Note 15، بەداخەوە لە دیزاین زۆر شێوەی لەوەی پار دەچێت و هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە جگە لە زیاتر بەرگەگرتنی بۆ ئاو و تۆز و گۆڕینی پاتری بۆ سیلیکۆن کاربۆن و بەرزکردنەوەی ملی ئەمپێرەکەی کە من پێم وایە ئەمانە زۆربەیان بۆ سەرەنج ڕاکێشانە ئەگەر بێت و لەسەر چیپ و ڕام و سۆفتوەیر هەژمار بکرێن و لەم ڕووەوە بەکارهێنەران زەرەرمەند بن.

ئەوەی جێگەی داخە چەند شتێکیان شاردووەتەوە کە دەتوایە بۆ بەکارهێنەران ڕوونبێت لەپێناو شەفافیەت:

١- شاومی دەڵێت ٤ ئەپدەیتی سەرەکی بۆ دێت کەچی کە سەیر دەکەیت تەنها سێ دانەیە چونکە فێڵیان لەوەدا کردووە کە بە HyperOS2 بەردەستیان کردووە، کە ئەمەش واتای وایە دواتر هاتنی HyperOS3 لەسەر بەکارهێنەر هەژمار دەکەن و بەمەش یەک ئەپدەیت لە بەکارهێنەران خوراوە چونکە لە بنچینەدا دەبوایە بەهایبەر ئۆ ئێس ٣ بەردەست بێت و پاشان ٤ و ٥ و ٦ و ٧ی بۆ بێت. ئەمە جگە لەوەی شاومی لە ڕەوانەکردنی ئەپدەیت لە خەراپترین کۆمپانیاکانە و وەکو تیروپشک دەبێت بۆت دەربچێت پاشان ئەپدەیتت بۆ دێت.

٢- بیرگەکەی لە جۆڕی UFS2.2ـە کە جێگەی داخە لە ٢٠٢٦ مۆبایل ئەم بیرگە هێواشەی لەسەر بێت.

٣- جۆری ڕامەکەی LPDDR4Xـەکە و ئەم جۆرە زۆر هێواشترە لە LPDDR5.

ئەمانە و چەندین شتی تر کە بێگومان لەماوەی داهاتوو لە ڤیدیۆی هەڵسەنگاندن هەموو شتێکتان زیاتر بۆ دەخەینەڕوو.

بۆچونی تۆ