بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیس (وەک Word, Excel, PowerPoint) زۆر باون و بەکارهێنەری زۆریان هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە پێویستیان بە کڕین یان بەشداری مانگانەی گرانبەها هەیە. هەروەک خەڵکیش لێرە لە کوردستان پەنا دەبەنە بەر کڕاک کردن و ڕێگەی نایاسایی بۆ ئەوەی ئەپەکانی مایکڕۆسۆفت چالاک بکەن. ئینجا زۆربەی کات لە خولەکانی ڕاهێنانی خۆمدا لەگەڵ بەشداربووان ئەمە دەخەمە بەرباس و جێگرەوەی تریان پێ دەدەم. کەواتە ئەگەر بەدوای جێگرەوەیەکی بەهێز و بەخۆڕاییدا دەگەڕێیت، لێرەدا ٣ لە باشترین جێگرەوەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیس دەخەمە ڕوو کە دەتوانیت بۆ کارەکانت پشتایان پێ ببەستیت.
١. ئەپەکانی گووگڵ بەتایبەت دۆکس، شیتس، سلایدس (Google Docs, Sheets, Slides)
ئەمە بوخچەیەکی ئۆفیسی سەرهێڵە (Online) کە لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە دابینکراوە. بەبێ پێویستی بە دابەزاندنی هیچ بەرنامەیەک لەسەر کۆمپیوتەرەکەت، دەتوانیت فایلەکانی دەق (دۆکس)، خشتەکار (شیتس) و پێشکەشکردن (سلایدس) دروست بکەیت و دەستکارییان بکەیت لە ڕێگەی وێبگەڕەکەتەوە و ڕاستەوخۆ وابەستەن بە هەژماری جیمەیڵەکەتەوە. هەروەک ئەپی تایبەتیشی هەیە بۆ سیستەمی مۆبایل (ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس.)
سوودەکانی بەراورد بە مایکرۆسۆفت ئۆفیس:
-
کاری هاوبەشی ڕاستەقینە (Real-time collaboration): باشترین تایبەتمەندی ئەم بوخچەیە ئەوەیە کە چەند کەسێک دەتوانن لە یەک کاتدا دەستکاری هەمان فایل بکەن و ڕاستەوخۆ گۆڕانکارییەکانی یەکتر ببینن. نایابتریش لەوە ئەوەیە هاوبەشیکردن زۆر ئاسانە تا کەسێکی تر بێت لەگەڵ تۆ بەشداربێت لە دەستکاریکردن و کۆمێنت بەجێهیشتن لەسەری.
-
هەڵگرتنی خۆکار (Auto-save): هەرگیز فایلەکانت ون نابن یان ناسڕێنەوە بەهۆی کوژانەوەی کۆمپیوتەرەوە، چونکە ڕاستەوخۆ لەسەر خزمەتگوزاری هەوری Google Drive پاشەکەوت دەبن.
-
سووک و گونجاو لەگەڵ هەموو ئامێرێک: پێویستی بە کۆمپیوتەری بەهێز نییە، لە ڕێگەی مۆبایل، تابلێت، یان کۆمپیوتەرەوە دەتوانیت کارەکانت ڕاپەڕێنیت.
- ژیری دەستکرد: دەتوانیت ئامرازەکانی ژیری دەستکردی جێمنای لەناودا بەکاربهێنیت ئەگەر خاوەنی پلانی Google AI Pro بیت.
بۆ کردنەوە و بەکارهێنانیان، دەتوانیت ڕاستەوخۆ بە هەژماری گووگڵەکەت واتا جیمەیڵەکەت بەکاریان بهێنێت لە ڕێگەی ٩ خاڵەکەوە یان Docs.google.com.
٢. ئۆنلی ئۆفیس (ONLYOFFICE)

ئۆنلی ئۆفیس بوخچەیەکە لە ئەپی ئۆفیسی سەرچاوەکراوە (Open-source) کە وەشانی دێسکتۆپ و ئۆفلاین (دەرهێڵ) و سەرهێڵی هەیە. یەکێکە لەو بەرنامانەی کە زۆرترین گرنگی بە پاراستنی شێوەی فایلەکانی مایکرۆسۆفت داوە و هەر سێ بەرنامە سەرەکییەکەی لە یەک پەنجەرەدا (Tab-based) کۆکردووەتەوە.
سوودەکانی بەراورد بە مایکرۆسۆفت ئۆفیس:
-
گونجانی بێوێنە لەگەڵ فایلەکانی مایکرۆسۆفت: باشترینە بۆ کردنەوەی فایلەکانی DOCX, XLSX, و PPTX بەبێ ئەوەی دیزاین و فۆنت و شێوەی فایلەکان تێکبچێت.
-
ڕووکارێکی ناسراو: دیزاین و شێوازی ڕیزبوونی دوگمەکانی زۆر لە مایکرۆسۆفت ئۆفیس دەچێت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە هەست بە ئاسانی بەکارهێنانی دەکەیت و پێویستت بە کات نابێت بۆ ڕاهاتن.
-
یەکخستنی زیرەکی دەستکرد: دەتوانیت ئامرازەکانی زیرەکی دەستکردی تێدا بەکاربهێنیت (وەک ChatGPT) بۆ یارمەتیدان لە نووسین و پەرەپێدانی دەقەکانت ڕاستەوخۆ لە ناو بەرنامەکەدا.
دەتوانیت بەرنامەکە بۆ ویندۆز، ماک و لینۆکس و هەروەها بۆ مۆبایل دایبەزێنیت لێرەوە: onlyoffice.com/download-desktop
٣. لیبرەئۆفیس (LibreOffice)

بەهێزترین و ناسراوترین جێگرەوەی ئۆفلاینە (دەرهێڵە) بۆ مایکرۆسۆفت ئۆفیس. پڕۆژەیەکی سەرچاوە کراوەیە کە چەندین ئامرازی وەک Writer (بۆ دەق وەک Word)، Calc (بۆ خشتەکار وەک Excel) و Impress (بۆ پێشکەشکردن وەک PowerPoint) لەخۆ دەگرێت، و لەلایەن کۆمەڵگەیەکی گەورەی پەرەپێدەرانەوە بەڕێوە دەبرێت.
سوودەکانی بەراورد بە مایکرۆسۆفت ئۆفیس:
-
تەواو خۆڕایی و ئۆفلاین: سەدا سەد خۆڕاییە بەبێ هیچ جۆرە ڕیکلام و سنووردارکردنێک. پێویستی بە هەژمار و هێڵی ئینتەرنێت نییە و بەتەواوی لەسەر کۆمپیوتەرەکەت کاردەکات.
-
تایبەتمەندی زۆر و فراوان: بەردەوام نوێدەکرێتەوە و سەدان پێوەکراوی (Extensions) هەیە کە دەتوانیت دایان بەزێنیت بۆ زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ.
-
پشتگیرییەکی فراوان بۆ فۆرماتە کۆنەکان: دەتوانێت کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە فۆرماتە جیاوازەکان بکاتەوە، تەنانەت ئەو فایلە زۆر کۆنانەی کە مایکرۆسۆفت ئۆفیسە نوێیەکان لەوانەیە تووشی کێشە ببن لە کردنەوەیاندا.

بۆ بەدەستهێنانی نوێترین وەشان بەخۆڕایی، سەردانی ئەم بەستەرە بکە: libreoffice.org/download
کەواتە:
-
ئەگەر حەزت لە کاری بەکۆمەڵ و خێراییە و دەتەوێت لە هەموو ئامێرەکانتەوە دەستت بە فایلەکانت بگات، گووگڵ دۆکس و خوشک و برایەکانی باشترینە.
-
ئەگەر بەدوای بەرنامەیەکدا دەگەڕێیت کە زۆر لە مایکرۆسۆفت بچێت و فایلەکان بێ کێشە بکاتەوە، ئۆنلی ئۆفیس هەڵبژێرە.
-
ئەگەر بەرنامەیەکی بەهێز، تەواو ئۆفلاین و سەرچاوە کراوەت دەوێت کە هەموو تایبەتمەندییە قورسەکانی تێدابێت، لیبرە ئۆفیس جێگرەوەیەکی نایابە.