کواڵکۆم 24, ئەیلوول 2026

کواڵکۆم دوو چیپی ئاستبەرزی Snapdragon 8 Elite Gen 6 و وەشانی Extremeـی دوو نانۆمەتری ڕاگەیاند

لە میانەی بۆنەی (Snapdragon Summit 2026)ـدا، کۆمپانیای کواڵکۆم بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە تەنها یەک پڕۆسێسەری ئاست بەرزی ڕادەگەیاند، پەردەی لەسەر دوو پڕۆسێسەری ئاست بەرزی نوێ لادا: Snapdragon 8 Elite Gen 6 و Snapdragon 8 Elite Extreme Gen 6. ئەم دوو چیپە نوێیە یەکەمین بەرهەمی کۆمپانیاکەن کە بە تەکنەلۆژیای 2 نانۆمەتری (TSMC N2P) دروستکراون، و ئامادەن بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ چیپی A20 Proـی ئەپڵ و Exynos 2700ـی سامسۆنگ.

تایبەتمەندییەکانی Snapdragon 8 Elite Gen 6

ئەم وەشانە بنەڕەتییە خاوەنی توانایەکی یەکجار بەرزە و گۆڕانکاری گەورەی لەخۆگرتووە:

  •  پڕۆسێسەر (CPU): هەشت ناوکییە و پشتی بە ناوکەکانی Oryon بەستووە کە خێراییەکەیان دەگاتە 5GHz. بەراورد بە نەوەی پێشوو (Gen 5)، بە ڕێژەی 10% خێراترە و 37% کارامەترە لە بەکارهێنانی وزەدا.
  • گرافیک (GPU): یەکەی Adreno 845 بەکاردەهێنێت کە پشتگیری لە تەکنەلۆژیای (Ray Tracing) دەکات. ئەم یەکەیە 35% خێراترە و 40% کەمتر وزە بەکاردەهێنێت.
  • بیرگە و ڕام: پشتگیری لە بیرگەی خێرای UFS 5.0 و ڕامی جۆری LPDDR6 و LPDDR5x دەکات تا قەبارەی 24 گێگابایت.
  • کامێرا و ڤیدیۆ: پاڵپشتی هەستەوەری کامێرا دەکات تا ڕوونی 320 مێگاپێکسڵ. دەتوانێت ڤیدیۆی 4K بە 120 فرەیم و 8K بە 30 فرەیم تۆمار بکات.
  • ڕایەڵە و پەیوەندی: مۆدێمی نوێی X105 5G تێدایە کە خێرایی داگرتنی دەگاتە 14.8Gbps. لەگەڵ ئەوەشدا، پشتگیری لە Wi-Fi 8، بلوتوزی 6.0، و پەیوەندی مانگە دەستکردەکان دەکات بۆ کاتی لەناکاو.

تایبەتمەندییەکانی وەشانی Snapdragon 8 Elite Extreme Gen 6

ئەم وەشانە دروستکراوە بۆ ئەوەی سنوورەکانی تەکنەلۆژیا ببەزێنێت و هێزێکی زیاتر بداتە مۆبایلە هەرە پێشکەوتووەکان:

  • خێرایی زیاتر: پڕۆسێسەرەکەی بە ڕێژەی 13% خێراترە لە نەوەی پێشوو.
  • شۆڕشی گرافیک: یەکەی گرافیکی Adreno 850 لەخۆدەگرێت کە 18 مێگابایت بیرگەی تایبەتی (HBM) و ناوکی تایبەت بە ژیریی دەستکردی هەیە. ئەمەش توانستی گرافیک بە ڕێژەی 44% بەرز دەکاتەوە. بۆ یارییەکان، تەکنەلۆژیای (MegaLights) بۆ زیادکراوە کە ڕووناکی یارییەکان زۆر واقیعیتر دەکات.
  • ژیریی دەستکرد (AI): یەکەی NPUـیەکەی 35% بەهێزترە و دەتوانێت مۆدێلە زمانەوانییە گەورەکان (کە زیاتر لە 30 ملیار پارامێتەریان هەیە) ڕاستەوخۆ لەسەر مۆبایلەکە کار پێ بکات.
  • توانای کامێرای خەیاڵی: ئەم چیپە دەتوانێت ڤیدیۆی 8K بە 60 فرەیم تۆمار بکات، و بۆ دیمەنی خاو (Slow-mo) دەتوانێت ڤیدیۆی 4K بە 240 فرەیم بگرێت. هەروەها پشتگیری فۆرماتی ڤیدیۆیی پێشکەوتووی سامسۆنگ (APV) دەکات بۆ مۆنتاژی پڕۆفیشناڵ.

لە ئێستادا چەند مۆبایلێک پێشاندراون کە بەم چیپانە کاردەکەن و پێشبینی دەکرێت ئەم چیپانە ڕۆڵێکی گەورە ببینن لە مۆبایلەکانی داهاتووی سامسۆنگ. بەپێی زانیارییەکان، هەردوو مۆدێلی Galaxy S27 Pro و Galaxy S27 Ultra لە سەرانسەری جیهاندا وەشانی بەهێزتر (Extreme Gen 6) بەکاردەهێنن. لە کاتێکدا مۆدێلەکانی Galaxy S27 و Galaxy S27+ پێدەچێت لە بازاڕەکانی چین و ئەمریکای باکوور هەمان ئەم چیپانە لەخۆ بگرن.

تاگەکان Qualcomm Snapdragon8Gen6
بۆچونی تۆ