ئای ئۆ ئێس 2, شوبات 2018

چۆن بزانم ئایفۆنەکەم نوێ یان ڕیفێربش یان گۆڕدراوە؟

ئەگەر تۆ بەنیازی ئایفۆنێکی نوێ یان دەستی دوو بکڕیت یان بە نیازی چاکی بکەیتەوە، لەوانەیە بیرلەوە بکەیتەوە کە بتەوێت بزانیت ئایا ئەم ئایفۆنە نوێیە؟ یان ڕیفێربش Refurbished واتە نوێکراوەتەوە؟ یان ئەم ئامێرە بە ئامێرێکی تر گۆڕدراوە لەلایەن ئەپڵەوە واتە Replacementـە؟

چیتر مەپرسە و تەنها لەڕێگەی مۆدێلی ئایفۆنەکەتەوە بزانە کە ئایفۆنەکەت نوێیە یان ڕیفێربشە یان گۆڕدراوە یان تەنانەت تایبەتکراوە. بێگومان ئەم زانیارییەی خوارەوە بەشێوەیەکی گشتی بۆ کڕیارانی ئایفۆن جا چ نوێ بێت یان دەستی دوو گرنگن و پێویستە لەکاتی دوودڵی خۆیان بۆ خۆیان پشکنین بکەن و لە دۆخی ئایفۆنەکە دڵنیاببنەوە.

بفەرموون لەڕێگەی ئەم هەنگاوانە بزانن ئایفۆنەکەت نوێ یان ڕیفێربش یان گۆردراوە:

  1. لەناو ئایفۆنەکەت بچۆ بۆ  Settings
  2. پاشان بچۆ بۆ General و ئێنجا بچۆ بۆ ِAbout
  3. ئێستا بگەڕێ بۆ Model و سەرەنجی کۆدی تەنیشت Model بدە و لەوانەیە کۆدێکی لەم شێوەیە MN572LL/A بێت و یەکەم پیتی کۆدەکە دەریدەخات کە ئایا ئامێرەکە نوێیە یان ڕیفێربشە یان گۆردراوە یان تایبەتکراوە:
  • ئەگەر پیتی یەکەم (M) بوو ئەوا ئامێرەکە نوێیە و واتە بە نوێی کڕدراوە. مەبەست لەمە ئەوەیە واتە کە بۆیەکەمجار ئامێرەکە کڕدراوە نە ڕیفێربش بووە و نە بە ئایفۆنێکی تر گۆردراوە بەهۆی کێشە و گیروگرفتەوە.
  • ئەگەر پیتی یەکەم (N) بوو ئەوا واتە ئامێرەکە ڕیفێربش کراوە. کە واتای وایە ئامێرەکە بە پڕۆسەی ڕیفێربش کردندا ڕۆیشتووە و نوێخوازی و چاکسازی و گۆڕانکاری تێداکراوە.
  • ئەگەر پیتی یەکەم (F) بوو ئەوا واتە ئەم ئامێرە گۆردراوە، کە واتای وایە ئامێرێک پێش ئەم ئامێرە کڕدراوە و بەو ئامێرەی ئێستا لەبەردەستتە بۆیان گۆڕیویت بەهۆی هەبوونی کێشە و گیروگرفت لە ئامێری یەکەم.
  • ئەگەر پیتی یەکەم (P) بوو ئەوا واتە ئامێرەکە تایبەتکراوە، کە ئەمەش واتای وایە بە گوێرەی داواکاری کڕیار نوسراوێک لەسەر پشتی ئایفۆنەکە نوسراوە.

ئێستا فێربووین چۆن بزانین کە ئایفۆنەکەمان نوێیە یان ڕیفێربشە یان گۆردراوە یان تایبەتکراوە. کەواتە لەمەودوا کە گومانت هەبوو لە ئایفۆنێک کە نوێیە یان ڕیفێربشە یان گۆردراوە یان هەر شتێکی ترە بە هۆی پیتەکانی سەرەوە خۆت لەو گومانە ڕزگاربکە و بزانە ئامێرەکە لە چ دۆخێکدایە.

تێبینی: ئەم ڕێگایەی سەرەوە بۆ زۆرینەی مۆدێلەکانی ئایفۆن گونجاوە و لەوانەیە هەندێک مۆدێلی جیاواز لە جۆرە جیاوازەکانی ئایفۆن هەبن، لەبەرئەوە لەوانەیە ئەم ڕێگایەی سەرەوە بەسەریاندا جێبەجێ نەبێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ