سیستەمی وەگەرخەر 9, كانونی یه‌كه‌م 2019

هواوەی ساڵی داهاتوو ئامێری زیاتر بە سیستەمی کارپێکەری HarmonyOS ـەوە بەردەست دەکات

لە ئەمساڵدا، کۆمپانیای هواوەی سیستەمی کارپێکەری HarmonyOS ـی بۆ چەند جۆرێکی زۆر لە ئامێرە زیرەکەکان ڕاگەیاند. هەروەها تەلەفزیۆنێکی زیرەکیشی بە سیستەمە کارپێکەرەکەوە بە ناوی HONORVision ـەوە بەردەست کرد.

کۆمپانیا چینییەکە لە پلانیدایە تاوەکو سیستەمە کارپێکەرەکە لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئامێری زیاتر بەکاربهێنێت. ئەو ئامێرانەی کە هواوەی لە ساڵی داهاتوودا بە سیستەمەکەوە بەردەستی دەکات، ئامێرە دەرەکییەکانی هاوشێوەی کاتژمێرە زیرەکەکان دەبن. هەروەها لە پلانیدایە تاوەکو سیستەمە کارپێکەرەکە بۆ بڵندگۆ زیرەکەکان، ئامێرەکانی VR و تەلەفزیۆنە زیرەکەکان بەکاربهێنێت.

بە هەرحاڵ، تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە لە پلانیدا نییە تاوەکو سیستەمەکە بۆ مۆبایلە زیرەکەکان، تابلێت و کۆمپیوتەرەکان بەکاربهێنێت. لە پێشووشدا کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە ئەمساڵ هیچ مۆبایلێکی کارکردوو بە HarmonyOS بەردەست ناکەن، وا دیارە بۆ ساڵی داهاتووش پلانی لەو شێوەیەیان نییە.

کاتێک کە کۆمپانیا چینییەکە لە پلانیدا نییە سیستەمە کارپێکەرەکەی بۆ مۆبایلە زیرەکەکانی خۆی بەکاربهێنێت، پێی باشە درێژە بە بەکارهێنانی سیستەمی سەرچاوە کراوەی Android بدات بۆ مۆبایلەکانی، هەرچەندە مۆڵەتی گووگڵی نییە بۆ بەکارهێنانی کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ