10
ئای ئۆ ئێس 10, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

یاری Call of Duty: Mobile ژمارەی پێوانەیی شکاند و 100 ملیۆن داگرتنی تێپەڕکرد

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کۆمپانیای Activision یاری Call of Duty: Mobile ـی بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی iOS و Android بەردەستکرد. هەر بەم ماوە کەمە، یارییەکە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و دەیان ملیۆن داگرتنیشی تێپەڕاند.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Sensor Tower بێت، یاری Call of Duty: Mobile توانی لە ماوەی یەکەم هەفتەی بەردەستکردنیدا بگات بە 100 ملیۆن داگرتن لە کۆگاکانی App Store و Google Play ـدا. بەمەش، یاری Call of Duty: Mobile بووە یەکەمین یاری مۆبایل کە لە یەکەم هەفتەی سەرەتای بەردەستکردنیدا بتوانێت 100 ملیۆن جار دابگیرێت. بە مەرجێک یارییەکە هێشتا لە وڵاتی چیندا بەردەست نەکراوە، ڕەنگە لە کاتی بەردەستبوونی لەو وڵاتەشدا، ژمارەیە چەند هێندەیەک زیاد بکات.

پێگەی Sensor Tower دەڵێت یاری بەربڵاوی PUBG Mobile توانی لە یەکەم هەفتەی بەردەستکردنیدا 28 ملیۆن داگرتن تێبپەڕێنێت، هەروەها یاری Fortnite ـیش لە یەکەم هەفتەی بەردەستکردنیدا توانی تەنها 22.5 ملیۆن داگرتن تێپەڕ بکات، بەڵام یارییەکان سەرەتا بۆ iOS بەردەست کران لە پاشان بۆ Android.

هەروەها پێگەی Sensor Tower ئاماژەشی بەوە داوە کە یارییەکە بە ڕێژەی 55.7% لە iOS ـدا داگیراوە و توانیویەتی بڕی 17.7 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی کڕینی ناوخۆییەوە داهات بۆ کۆمپانیای درووستکەری پەیدا بکات. ڕێژەی داگرتنیشی لە ئەمریکا 16.9% بووە و بەکارهێنەرانی وڵاتەکە بە ڕێژەی 43.1% پارەیان لە یارییەکەدا بەفیڕۆ داوە.

یاری Call of Duty: Mobile یارییەکی جەنگییە و لە لایەن هەردوو کۆمپانیای Tencent و Activision بەرهەم هێندراوە و ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە شێوەی بە کۆمەڵ یاری ئەنجام بدەن بە هەبوونی Battle Royale ـەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ