10
ئەپڵ 18, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

کۆد و وێنەکانی دواین وەشانی تاقیکاری macOS 10.15.1 پشتڕاستی دەکەنەوە کە MacBook Pro ـی 16 ئینج لە ڕێگەیە

لە ماوەی ڕابردوودا بە چڕی دەنگۆ هەبوو کە گوایە ئەپڵ کار لەسەر بەردەستکردنی لاپتۆپی MacBook Pro ـی نوێی 16 ئینج دەکات لە ئەمساڵدا. دواجار، لە ئەمڕۆدا کۆد و وێنەکانی دواین وەشانی تاقیکاری macOS 10.15.1 ئەمەیان پشتڕاست کردەوە.

پێگەی MacGeneration ڕایگەیاند کە ژمارەیەک کۆدیان لە دووەمین وەشانی تاقیکاری macOS 10.15.1 ـدا دۆزیوەتەوە، کە بە تەواوی ئاماژە بە MacBook Pro ـی 16 ئینج دەدەن، ژمارەی مۆدێلی لاپتۆپە نوێیەکە بریتییە لە “MacBookPro16,1”. دوا بە دوای ئەمە، پێگەی MacRumors ئەمەی پشتڕاست کردەوە و وێنەکانی لاپتۆپی MacBook Pro ـی نوێی 16 ئینجیان لە وەشانەکەدا بەدی کرد و بڵاویان کردەوە.

ڕاست: MacBook Pro ـی 16 ئینج. چەپ MacBook Pro ـی 15 ئینج.

لە وێنەی MacBook Pro ـە نوێیەکەدا، دەردەکەوێت کە چوارچێوەی ڕوونماکەی بچووکتر کراوەتەوە، خاوەن هەمان دیزاینی دواین نەوەکانی MacBook Pro ـی پێشوو دەبێت و هەروەها بە ڕەنگەکانی زیوی و خۆڵەمێشی بەردەست دەکرێت.

هەروەها پێگەی MacRumors پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی مۆدێلی لاپتۆپە قەبارە نوێیەکەی MacBook Pro بریتی دەبێت لە “MacBookPro16,1”. ئەپڵ هەرگیز ژمارە مۆدێلی MacBookPro16,1 ـی بۆ لاپتۆپەکانی MacBook Pro بەکارنەهێناوە، بەڵکو بەرزترین ژمارەی مۆدێلی بەکارهێندراو MacBookPro15,1 بووە تاوەکو ئێستا.

قەبارەی 16 ئینج دەبێتە گەورەترین قەبارەی لاپتۆپی MacBook Pro و هەرگیز پێشووتر لاپتۆپی MacBook Pro بەو قەبارەیە بەردەست نەکراوە. لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، پێشبینیکەری بەناوبانگ بەڕێز Ming-Chi Kuo بۆ چەند جارێک ڕایگەیاند کە ئەپڵ لاپتۆپی MacBook Pro ـی 16 ئینج لە ئەمساڵدا ڕادەگەیەنێت. وا دیارە قسەکەی Kuo لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا و بەر لە تەواوبوونی ئەمساڵ دێتە بوون.

تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی بەردەستکردنی لاپتۆپی MacBook Pro ـی نوێی 16 ئینج ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا و هاوشانی بەردەستکردنی چەند بەرهەمێکی دیکە، ئەپڵ قەبارە نوێیەکەی لاپتۆپی MacBook Pro ـیش بەردەست بکات.

سەرچاوە The VergeMacRumors
بۆچونی تۆ