10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 22, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

تۆڕی TikTok ژمارەیەک هەژماری چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ـی سڕییەوە کە دەستیان کردبوو بە پڕوپاگەندە

وا دیارە تۆڕی TikTok کێشەی تیرۆرستی هەیە. چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هەوڵ دەدەن دزە بکەنە گەورەترین تۆڕی گەنجان و هەرزەکارانەوە و هانیان بدات تاوەکو بچنە نێو ڕێکخراوە تیرۆرستییەکەوە.

پێگەی The Wall Street Journal لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە تۆڕی TikTok ژمارەیەک هەژماری لە تۆڕەیەکدا سڕیوەتەوە کە ژمارەیان نزیکەی 12 هەژمار دەبوون و لە لایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ـەوە بەڕێوە دەبران. چەکدارەکان ژمارەیەک ڤیدیۆیان لە تۆڕەکەدا بڵاو کردبووەوە کە بە ئاشکرا هانی خەڵکیان دەدا تاوەکو پشتگیری لە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە بکەن و بچنە نێو ڕێکخراوەکەوە. چەکدارەکان ڤیدیۆکانیان بە فلتەری دڵ و ئەستێرە و گۆرانی سەرنجڕاکێشەوە لە TikTok ـدا بڵاوکردبووەوە. خۆشحاڵانە، ئێستا سەرجەم ڤیدیۆکان سڕاونەتەوە.

پێگەکە دەڵێت یەکێک لە ڤیدیۆکانی چەکدارەکان 68 بەدڵبوو (ڵایک) ـی هەبوو و ئەو هەژمارەشی کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردبووەوە نزیکەی 1,000 شوێنکەوتووی هەبوو. ڕوون نییە کە پڕوپاگەندەکەی چەکدارە تیرۆرستەکان چەندە گەورە بوو لە TikTok ـدا.

پڕوپاگەندەی تیرۆرستی گەورەترین کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. پێگەکانی Facebook و Google خاوەن ژیری دەستکردن و ڕاستەوخۆ چەکدارە تیرۆرستە سەرهێڵەکان دەناسنەوە و دەیانسڕنەوە. لە مانگی 9 ـی ئەمساڵدا کۆمپانیای Facebook ڕایگەیاند کە زیاتر لە 26 ملیۆن هەژمار و بڵاوکراوەی لە تۆڕەکەیدا سڕیبووەوە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا کە پەیوەندییان بە بانگەشەی تیرۆرستییەوە هەبوو.

وا دەردەکەوێت چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە چڕی سەرنجیان خستۆتە سەر تۆڕی TikTok و دەیانەوێت سەرنجی دەیان و سەدان هەرزەکاران لە سەرانسەری جیهاندا بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ