10
هەواڵ 23, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

فەرمی: کۆتا ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X ئاشکرا کرا

مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X لە ڕێکەوتی دیاریکراوی خۆی زۆر زیاتر دواکەوت بۆ بەردەستکردن. بەڵام، لە کۆتایدا کۆمپانیای هواوەی کۆتا ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلەکە چەماوەییەکەی ئاشکرا کرد.

بە پێی پێگەی Sina Digital بێت، ئەمڕۆ کۆمپانیای هواوەی لە بۆنەیەکی تایبەتدا ئاشکرای کرد لە ڕێکەوتی 15 ـی مانگی داهاتوودا مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە نرخی دەستپێکی 2,400$(بڕی 200$ کەمتر لە نرخی سەرەتا) ـەوە بەردەست دەکات بۆ فرۆشتن. بەڵام، یەکەم جار مۆبایلەکە لە ناوخۆی وڵاتی چیندا بەردەست دەکرێت بۆ فرۆشتن. ڕێکەوتی بەردەستکردنی لە بازاڕەکانی وڵاتانی دیکەی جیهاندا دیار نییە.

مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 8 ئینجییە و لە کاتی چەمانەوەدا 2 ڕوونمای قەبارە 6.38 و 6.6 ئینجی لێ دەردەچێت. پڕۆسێسەری Kirin 980 و مۆدیەمی Barong 5000 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامێکە بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکیش بە قەبارەی 512 گێگابایت. خاوەن پاترییەکە بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا بە توانای 55 وات و نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات.

بە پێچەوانەی ڕوونمای مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold ـی سامسۆنگەوە کە لە شێوەی کتێبدا دەکرێتەوە، ڕوونمای مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بە ڕووی پشتەوەیدا دەچەمێندرێتەوە.

سەرچاوە The VergeCNET
بۆچونی تۆ