10
ڕێنمایی 25, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

چۆن باشترین مۆبایل بۆ خۆم هەڵبژێرم؟

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدام مۆبایلەکان بوونەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەماندا، کڕین و فرۆشتنیشیان لە بازاڕدا گەرمە. لەوانەیە هەمیشە وا ویستبێتت پارەیەکی زۆر کۆبکەیتەوە بۆ ئەوەی باشترین مۆبایل بکڕیت، چونکە باشترین مۆبایلەکان نرخیان زۆرە، لە کاتێکدا ئەمە مانای وانییە گرانترین مۆبایل بۆ تۆ باشترین بێت. دەبێت تێبگەیت لەوەی چیت دەوێت و خۆت چیت پێویستە، بەم بیرکردنەوەیە پارەیەکی زۆر لە کڕینی مۆبایلدا دەگەڕێنیتەوە. کەی ئای تی ئێن لەم بابەتەدا سەرنج دەخاتە سەر چەند خاڵێک کە پێویستە هەر کەسێک پێش کڕینی مۆبایلەکەی ڕەچاویان بکات و لێیان تێ بگات و باشترین هەڵبژاردەی خۆی بکات.

  • پارە

بێگوومان ڕەچاوکردنی پارە شتێکی گرنگە لە کڕیندا. پێویستە بزانیت لە دوای کڕینی هەر مۆبایلێکی نوێ، لە سەرەتادا نرخێکی زۆری هەیە و پاش چەند ڕۆژێکی کەم نرخیان زۆر دادەبەزن، بۆیە لە کاتی هاتنی هەر مۆبایلێکدا مەرج نییە ڕاستەوخۆ بیکڕیت! هەروەها پێش ئەوەی مۆبایلەکەت هەڵبژێریت بیر لەوە مەکەرەوە گرانترین مۆبایل بکڕیت چونکە مەرج نیە گرانترین مۆبایل باشترین بێت.

  • چیم پێویستە؟

پێش هەموو شتێک، پێویستە بزانیت تۆ چیت پێویستە، ئەمە گرنگترین خاڵە لە کڕینی مۆبایلدا. ئایا تۆ مۆبایلێکت دەوێت کامێراکەی باش بێت؟ یان بەرگەگرتنی پاتری زۆری هەبێت؟ یان مۆبایلێکت دەوێت تەنها بۆ بەکارهێنانی نەرمەکاڵا ئاساییەکانی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاری بهێنیت؟ یان بۆ یاریە ئەلیکترۆنییەکان بێت؟ وەک پەبجی و فۆرتنایت و یارییە بەهێزەکانی تر؟
دەستنیشانکردنی پێویستییەکانت گرنگترین خاڵە.

  • شارەزایی

لەوانەیە تۆ ئێستا بپرسی، من ئێستا زانیم چیم پێویستە، بەڵام شارەزاییم نییە و ناتوانم جۆرەکان و تایبەتمەندییەکان لە یەکتر جیابکەمەوە، لێرەش چەند زانیارییەک دەربارەی پارچەکانی مۆبایل دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی زانیارییە سەرەتاییەکانی مۆبایل پێش کڕینی و بزانیت و تێ بگەیت.

  • یەکەی چارەسەرکەر (CPU – پڕۆسێسەر)

پڕۆسێسەر بریتییە لە ڕەقەکاڵایەکی بچووک، بە مێشکی هەر ئامێرێك ناسراوە. بەهۆیەوە هەموو چالاکییەکی مۆبایل ئەنجام دەدرێت و خێراییەکەی لەسەر ئەم پارچەیە بەندە. ڕەقەکاڵاکانی پڕۆسێسەر چەندین جۆریان هەیە کە هەر جۆرێک خێرایی مۆبایل دیار دەکات. گرنگە بزانیت خێراترین پڕۆسێسەر بچووکترینە و لە ئێستادا بچوکترین قەبارەکەی 7 نانۆمەترە. جۆرە مامناوەندەکانیش قەبارەکانیان لە نێوان 10 بۆ 12 نانۆمەترە. هەروەها خێراییەکەی بە هێرتز (Hz) دەپێورێت، نموونە یەک لە باشترین پڕۆسێسەرەکانی ئەمڕۆی مۆبایل بە ناوی سناپدراگۆن +855 ـە بە خێرایی 2.97 GHz، تا ئەم پێوەرە هێرتزەی زیاتری هەبێت مۆبایل خێراتر دەبێت. پڕؤسێسەرەکانی ئەمڕۆ کە خاوەن خێراییەکی بە کەڵکن، لە 2 Ghz ـەوە دەست پێدەکەن.

  • ڕوونما

ڕوونمای مۆبایلیش گرنگترین بەشە، بەکارهێنەر چێژ لە ڕەنگەکان و وێنەکان وەردەگرێت ئەگەر مۆبایلەکە ڕوونمایەکی باشی هەبێت. ئەو ڕوونیەی کە ئێستا لە لایەن زۆرێک لە کۆمپانیاکانەوە بەکار دەهێنرێت ڕوونی +FHD یان 1080 بە 2520 پێکسڵە. ڕوونیەکی گونجاوە و بێگوومان گونجاوترین نرخیش دیاری دەکات. هەڵبژاردنەکەت لە FHD ـەوە یان زیاتر دەست پێبکە.

  • بیرگە (Storage – زاکیرە)

قەبارەی بیرگە بڕیار لەسەر بەکارهێنان و نرخی مۆبایل دەدات. بیرگە بە گێگابایت دەپێورێت و چەند زیاتر بێت، بەکارهێنەر دەتوانێت زانیاری زیاتر لە مۆبایلەکەیدا دابنێت. نمونە؛ ئەگەر مۆبایلێک بیرگەکەی 128 گێگابایت بێت واتا تۆ دەتوانیت ئەوەندە پەڕگە و زانیاری لە مۆبایلەکەتدا هەڵبگریت، ئەمیش بە هەمان شێوە ئەکەوێتە سەر بەکارهێنانی کڕیار، ئایا چەن گێگابایتت پێویستە. لە ئێستادا گەورەترین قەبارەی بیرگە بریتییە لە 1 تێرابایت کە دەکاتە 1024 گێگابایت، کە ئەمە تەنها نرخی مۆبایلەکە زۆرتر دەکات، چونکە ئەم ڕێژەیە بۆ بەکارهێنەر زۆرە و پێویستی نابێت. قەبارەی باوی بیرگەی مۆبایلەکان لەم ڕۆژەدا 128 گێگابایتە، لە کاتێکدا 64 گێگابایتیش بۆ بەکارهێنەر بە کەڵک دەبێت.

  • ڕام

ڕام بریتییە لە بیرگەیەکی کاتی بۆ هەڵگرتنی زانیارییەکانی ئەپ و یارییەکان بە شێوەیەکی کاتی، گرنگە بۆ ئەنجامدانی چەند کردارێک و کردنەوەی چەند ئەپێک لە یەک کاتدا و مانەوەیان بە کراوەیی بە هەمان زانیارییەکان کە لە دواین بەکارهێنان تۆمارکراون. بە هەمان شێوە ئەمانیش بە گێگابایت لەسەر مۆبایلەکانن، گێگابایتی زۆری ڕام واتا بەکارهێنانی ئەپ و یارییەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر و نەرمتر. قەبارەی باوی ڕام لەم ڕۆژانەدا 6 گێگابایتە، بەڵام 4 گێگابایتیش بە پێی نرخ بۆ بەکارهێنەر بە کەڵکە.

  • کامێرا

کەسانێک هەن کە گرنگی زۆر بە کامێرا دەدەن. مەرج نییە مۆبایلەکەی تۆ خاوەنی باشترین کامێرا بێت، چونکە کامێراکانیش کاریگەری زۆریان لەسەر نرخەکان هەیە، بە گشتی زۆربەی مۆبایلە نوێیەکانی ئێستا خاوەن کامێرایەکی باشن، بۆیە پێویست ناکات پارەیەکی زۆر تەنها لەبەر کامێرا خەرج بکەیت. وە زۆربەی مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان کە نرخێکی کەم و گونجاویان هەیە، وێنەی نایاب تۆمار دەکەن کە هەندێکیان بە ڕوونی 48 مێگاپێکسڵن.
تێبینی: ژمارەی مێگاپێکسڵ ڕۆڵی سەرەکی نییە لە تۆمارکردنی جوانترین وێنە، بەڵکو هەستەوەری وێنە توانا و ژیری، کامێرا دیاری دەکەن.

  • پاتری

لە ئێستادا زۆربەی کۆمپانیاکان گرنگییەکی زۆر بە پاتری مۆبایلەکانیان دەدەن چونکە لای خەڵک گرنگترین بەشی مۆبایلەکەیە. پاتریەکان بە mAh میلی ئەمپێر دەپێورێن و چەن زیاتر بن باشترن، بەڵام بێگوومان جۆری پڕۆسێسەر و جۆری ڕوونما و ڕوونیەکەی کار دەکەنە سەر توانای پاتری و دەکرێت هەمان ڕێژەی میلی ئەمپێر لە مۆبایلێکەوە بۆ مۆبایلێکی تر بگۆڕێت، ئەگەر مۆبایلێکیش بێت میلی ئەمپێری کەم بێت. بەڵام بە گشتی ئەگەر تۆ پاترییەکی گونجاوت دەوێت بۆ بەکارهێنانی زۆر و قورس. نموونە؛ یاریە ئەلیکترۆنیەکان، ڕێژەی 4000 میلی ئەمپێر گونجاوترینە، لە کاتێکدا مۆبایل هەیە بۆ یاری پێ کردن گونجاوترینە و توانای پاترییەکەشی 3000 میلی ئەمپێرە.

کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەش هەن کە جیاواز لەوانەی سەرەوە لە هەندێک مۆبایلدا هەن و لە هەندێکیشدا نین، کە بێگوومان ئەمانەش کاریگەری لەسەر نرخ دروست دەکەن:

  • Face ID هەستەوەری دەموچاو.
  • Fingerprint پەنجەمۆر.
  • Gyro جیرۆ سکۆب.
  • Fast battery charging بارگاویکردنەوەی خێرا.
  • IP 68 بڕوانامەی ئایپی، دژە ئاو.

بێگوومان، لە کاتی کڕیندا وا باشترە پرسیار لە کەسانی بە ئەزموون بکرێت، نەک ئەوەی بە چاولێکەری مۆبایل بکڕیت، چونکە ویستی تۆ جیاوازە لە خەڵک و بە زیرەکانە بڕیار بدە.

تاگەکان ڕێنمایی مۆبایل
بۆچونی تۆ