ژیری دەستکرد AI
26, کانوونی یەکەم 2025
گووگڵ دوو تایبەتمەندی نایاب بۆ خزمەتی خوێندکار و توێژەر و مامۆستایان بۆ NotebookLM زیاد دەکات

ئامرازی ژیری دەستکردی NotebookLM لەلایەن گووگڵەوە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی تازەگەری ناوازە بۆ بەکارهێنەرانی. بۆ نمونە لە ماوەی ڕابردوو بەشی ئینفۆگرافیک و سلایددێکی زیادکرد کە ڕێگە دەدەن ئینفۆگرافیک و پیرزێنتەیشن لە سەرچاوە زیادکراوەکان دروست بکەیت. ئێستا و لە نوێترین وەشاندا، دوو تایبەتمەندی زۆر بەسوود زیادکراون کە ئەزموونی بەکارهێنان بەتەواوی دەگۆڕن: Data Table و Lecture Mode.
١. تایبەتمەندی خشتەی داتا (Data Table for Studio)
ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەوانەی کار لەگەڵ داتای زۆر و ژمارەدا دەکەن. پێشتر NotebookLM زۆر بە باشی دەقەکانی شیکار دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی Data Tableەوە دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ داتا ڕێکخراوەکان (Structured Data) بکات.
-
چی دەکات؟ ڕێگەت دەدات لەو سەرچاوانەی لە Notebookـێک زیادتکردوون بەشێوەی خشتەی زانیاری بەپێی داواکاری خۆت خشتەت بۆ لێ دروست بکات و پاشان دەتوانیت بینێریت بۆ Google Sheets.
-
سوودەکەی: ئێستا دەتوانیت پرسیاری وردتر دەربارەی ژمارە و بەراوردکارییەکان بکەیت و وەڵامەکان لە شێوەی خشتەدا ببینیتەوە، کە بۆ توێژەران و خوێندکاران زۆر گرنگە.

٢. دۆخی وانەوتنەوە بۆ بەشی پوختە دەنگییەکان (Lecture for Audio Overviews)
هەموومان سەرسام بووین بە تایبەتمەندی “Audio Overview” کە دوو پێشکەشکار (Host) گفتوگۆیەکی زیندوویان دەربارەی بابەتەکەت دەکرد. بەڵام هەندێکجار ئێمە گفتوگۆمان ئەوێت، بەڵکو دەمانەوێت تەنها گوێ لە وانەیەک بگرین بۆیە لە ئێستادا بۆ ژماریەکی زۆری بەکارهێنەران Lecture لە بەشی Audio Overview زیادبووە.
-
چی دەکات؟ لەڕێگەی Lecture Modeەوە، ئێستا دەتوانیت شێوازی دەنگەکە بگۆڕیت بۆ یەک دەنگ (Monologue) کە وەک مامۆستایەک یان وانەبێژێک بابەتەکەت بۆ شیکاری دەکات بەبێ ئەوەی کەسێکی تر قسەکانی پێ ببڕێت.
-
سوودەکەی: ئەمە زۆر بەسوودە بۆ کاتێک دەتەوێت بە وردی سەرنج بخەیتە سەر ناوەڕۆکەکە و وەک وانەیەکی زانکۆ گوێی لێ بگریت بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.
- دەرەنجام گووگڵ بەم هەنگاوە NotebookLMـی کردە ئامرازێکی گشتگیرتر؛ هەم بۆ شیکاری داتای ئاڵۆز و هەم بۆ فێربوون بە شێوازی بیستن. ئەگەر هێشتا تاقیت نەکردۆتەوە، ئێستا کاتێکی گونجاوە!

تێبینی: ئەگەر تا ئێستا ئەم دوو تایبەتمەندییەی سەرەوە لەلای تۆ دەرنەکەوتوون، چاوەڕوان بە بەم زووانە بۆ هەموو بەکارهێنەران زیاد دەکرێن.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!