10
گەرمترین 26, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ژمارەیەک وێنەی نوێی بەرگی نەوەی نوێی بیستۆکی بێوایەری AirPods دزەیان پێکرا

هەبوونی دەنگۆی بەردەستکردنی نەوەی سێیەم لە بیستۆکی بێوایەری AirPods لە سەرەتاکانی ئەمساڵەوە بەردەوامییان هەیە، هەروەها لەم دواییەدا ژمارەیەک وێنەی زیندوو و زانیاری لەسەر نەوە نوێیەکەی بیستۆکی بێوایەری AirPods بڵاوکرانەوە و دەگوترا گوایە ناوی AirPods Pro دەبێت.

پێگەی بەناوبانگی SlashLeaks تایبەت بە بڵاوکردنەوەی دزەپێکراوەکان، ژمارەیەک وێنەی زیندووی بەرگی نەوەی نوێی بیستۆکی بێوایەری AirPods ـی بڵاوکردۆتەوە، وێنەکان پێکدێن لە 2 دانە. لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە جیاوازییەکی ئێجگار زۆر بوونی دەبێت لە ڕووی قەبارەی بەرگی نەوە نوێیەکەی بیستۆکە بێوایەرەکەوە بە بەراورد بە 2 نەوەکەی پێشووتری و قەبارەی زۆر بچووکتر دەبێت. هەر بە هۆی ئەم قەبارە بچووکەیەوە، وا دەردەکەوێت کە لەمەودوا بیستۆکەکان لە نێو بەرگەکەیدا پاڵدەخرێن نەوەک بە شێوەی ستوونی دابنرێن.

لە ماوەی پێشووشدا، وێنەی زیندووی بەرگی نەوە نوێیەکەی بیستۆکە بێوایەرەکە بە هەمان دیزاینەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام وا دەزانرا کە ساختەیە، تاوەکو ئەو کاتەی وێنەکانی نەوە نوێیەکەی بیستۆکی بێوایەری AirPods لە وەشانی تاقیکاری iOS 13.2 ـدا بەدیار کەوتن.

لە ماوەی ڕابردوودا، وێنەی نەوەی سێیەمی بیستۆکی بێوایەری AirPods لە دواین وەشانە تاقیکارییەکانی iOS 13.2 ـدا بەدیار کەوتن و پشتڕاستی کردەوە کە بیستۆکە بێوایەرەکە خاوەن تایبەتمەندی کەمکردنەوەی ژاوەژاو (Noise canceling) و دیزاینێکی نوێ دەبێت و هەروەها نرخیشی گرانتر دەبێت بە بەراورد بە نەوەکانی پێش خۆی.

پێشبینی دەکرێت نەوە نوێیەکەی بیستۆکی بێوایەری AirPods لە هەفتەی داهاتوودا بە نرخی دەستپێکی 260$ یاخود زیاتر بەردەست بکرێت.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ