ئەپڵ 13, تشرینی یه‌كه‌م 2020

ئەپڵ iPhone 12 Pro و iPhone 12 Pro Max ـی بە دیزاین و ڕەنگی نوێوە ڕاگەیاندن

لە دوای چەند مانگێک لە دەنگۆ و پڕوپاگەندەکان، لە کۆتایدا ئەمشەو ئەپڵ مۆبایلەکانی iPhone 12 Pro و iPhone 12 Pro Max ـی بە دیزاین و ڕەنگی نوێوە ڕاگەیاندن. هەروەها کۆمپانیاکە iPhone 12 و iPhone 12 Mini و بڵندگۆی زیرەکی بچکۆلانەی HomePod Mini ـیشی ڕاگەیاندن.

مۆبایلی iPhone 12 Pro خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.1 ئینج، لە کاتێکدا کە برا گەورەکەی (iPhone 12 Pro Max) خاوەن ڕوونمایەکی گەورەترە بە قەبارەی 6.7 ئینج.

هەر چوار ئایفۆنە نوێیەکە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن. لایەکانی خاوەن دیزاینێکی جیاوازن، کە تەختن و هاوشێوەی iPhone 4 ـی کۆنن. هەروەها ئەمە یەکەمین گۆڕانکاری دیارە لە دیزاینی ئایفۆنەکاندا لەو کاتەوەی iPhone X لە ساڵی 2017 ڕاگەیاندرا.

مۆبایلەکانی iPhone 12 Pro پشتگیری لە تەکنەلۆژیاکانی sub-6GHz و mmWave 5G دەکەن، کە بە شێوەیەکی هەمەجۆر بۆ کۆمپانیاکانی پشتگیر لە 5G لە ناوخۆی ئەمریکا کار دەکەن. ئەپڵ بەڵێن دەدات لە داهاتوو پشتگیری لە کۆمپانیا پەیوەندییەکانی وڵاتانی دیکەش دەکات.

ئایفۆنە نوێیەکان بە چیپی A14 Bionic بەهێز کراون، کە کە خاوەن شەش یەکەی ناوەکییە بە ڕێژەی 50% خێراتر لە مۆبایلەکانی تر، وە چوار ناوکی گرافیک بە ڕێژەی 50% خێراتر لە مۆبایلەکانی تر.

مۆبایلی iPhone 12 Pro لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرای بە توانایە لە جۆرەکانی Wide بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ و Telephoto و Ultra-Wide، لە کاتێکدا کە ڕوونی کامێرای Telephoto ـی iPhone 12 Pro Max بریتییە لە 12 مێگاپێکسڵ. هەستەوەرێکی دیکە لە پاڵ کامێراکانی دیکەی ئایفۆنەکاندا هەن بە ناوی LIDAR Scanner، کە تایبەتە بە ڕاستی خەیاڵی AR و هاوکات جۆرایەتی وێنە ڕووناکییە کەمەکان بۆ شەش هێندە زیاد دەکات و تایبەتمەندی Night Mode کارا دەکات.

شووشەی ڕوونمای ئایفۆنەکان خاوەن تەکنەلۆژیایەکی نوێیە بە ناوی Ceramic Shield، کە ئەپڵ دەڵێت خۆڕاگری لە شووشەی ڕوونمای سەرجەم مۆبایلە زیرەکەکانی دیکەی ئێستا بەهێزترە و شەش هێندە خۆڕاگرترە بۆ بەربوونەوە.

ئایفۆنە نوێیەکان پشتگیری لە تایبەتمەندی MagSafe دەکات بۆ باشترکردنی ئەزموونی بارگاویکردنەوەی بێوایەر. ئەپڵ دەڵێت بارگاویکەرەوەکانی تایبەتمەندی ناوبراو پشتگیری بارگاویکردنەوە بە خێرایی تاوەکو 15 وات دەکەن. هەروەها خاوەن بڕوانامەی IP68 ـن بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو و شلەمەنییەکان.

هەروەها ئەپڵ تایبەتمەندییەکی نوێی دیکەی لە ئایفۆنە نوێیەکاندا ئاشکرا کرد بە ناوی Apple ProRAW، کە تایبەتن بە iPhone 12 Pro و iPhone 12 Pro Max و ڕێگەت پێ دەدات ڤیدیۆ بە شێوەی HDR و بە هاوکاری Dolby Vision HDR و بە ڕوونی 4K 60 fps تۆمار بکەن و ڕاستەوخۆ ڤیدیۆکان لە ئەپی Photos دەستکاری بکرێن. ئەم تایبەتمەندییە بۆ یەکەم جارە لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بەکار بهێندرێت.

هەموو ئەم تایبەتمەندییانە وا لە ئایفۆنە نوێیەکان دەکەن ببنە بەهێزترین ئایفۆن کە تا ئێستا بوونی هەبێت.

ئایفۆنە نوێیەکان بە ڕەنگەکانی ئاڵتونی و ستیلی بێخەوش و شینی نوێوە بە بیرگەکانی 128 و 256 و 512 گێگابایت بە نرخی دەستپێکی 999$ بۆ iPhone 12 Pro، وە 1099$ بۆ iPhone 12 Pro Max بەردەست دەبن. iPhone 12 Pro لە هەینی، 16 ـی ئەم مانگە بەردەست دەبێت بۆ کڕینی پێشوەختە و لە 23 ـی هەمان مانگ لە کۆگاکانی ئەپڵ بەردەست دەبێت. لە کاتێکدا iPhone 12 Pro Max لە 6 ـی مانگی داهاتوو بەردەست دەبێت بۆ کڕینی پێشوەختە و لە 13 ـی هەمان مانگ لە کۆگاکانی ئەپڵ بەردەست دەبێت.

هەروەها چیدیکە ئەداپتەری بارگاویکەرەوە و بیستۆکی بە وایەری EarPod بە هۆکاری ژینگەیی لە ناو پاکەتی ئایفۆنەکاندا بوونیان نین.

خوێنەربە:

بۆچونی تۆ