10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 13, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

بە هۆی کەلێنێکەوە ئەپی Facebook لە iOS توانای دەبێت بە هەمیشەیی و بە بێ ئاگاداری خۆت کامێرا بەکاربهێنێت (نوێکراوە)

خەریکە هەبوونی کەلێنی ئاسایشی دەبێتە شتێکی ئاسایی لە تۆڕەکانی سەر بە فەیسبووکدا، کە چەند ساڵێکە کۆمپانیاکە بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنێت. ئێستا کەلێنێکی مەترسیدار لە ئەپی Facebook لە iOS ـدا دۆزرایەوە و توانای هەیە بە هەمیشەیی و بە بێ ئاگاداری خۆت کامێرای ئامێرەکەت بەکاربهێنێت. تەنانەت کەلێنەکە کامێرای ئامێرەکەت لە کاتی دەرچوون لە ئەپەکەدا و لە پاشبەندا بەکاردەهێنێت!

ژمارەیەک بەکارهێنەر لە تۆڕی تویتەر ڕایانگەیاندووە کەلێنێکی نوێیان لە ئەپی Facebook ـدا لە iOS دۆزیوەتەوە کە ڕێگە بە ئەپەکە دەدات هەمیشە کامێرای ئامێرەکەت بەکاربهێنێت، بە بێ ئاگاداری خۆت. هەندێک لەو بەکارهێنەرانەی ڕاپۆرتیان لەسەر کەلێنەکە داوە، کەلێنەکەیان لە کاتی کردنەوەی وێنەی هەژمار و لە پاشان لابردنی وێنەکە بە هێواشی دۆزیوەتەوە. ئەمە ڤیدیۆی یەکێک لەو بەکارهێنەرەیە کە کەلێنەکەی دۆزیوەتەوە و دەردەکەوێت کە ئەپەکە بە بێ هیچ کردارێک کامێرا بەکاردەهێنێت:

هەر بۆ دڵنیایی تۆ بۆ ئەوەی بزانیت کە کەلێنەکە تەنها لای یەک کەس بوونی نییە، بەڵکو بەکارهێنەرێکی دیکە هەمان کەلێنی بە هەمان شێوە بەرچاو کەوتووە.

پێگەکانی The Next Web و CNET ـیش هەبوونی کەلێنێکی لەو جۆرەیان لە ئەپی Facebook ـدا لە iOS پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاند کە تەنانەت ئەپەکە کامێرای ئامێرەکە لە کاتی دەرچوون لە ئەپەکەشدا بەکاردەهێنێت.

ستافی کەی ئای تی ئێن زۆر هەوڵیدا تاوەکو چاوی بە کەلێنەکە بکەوێت و پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین لە بەرچاوکەوتنی کەلێنەکە. وا دیارە کەلێنەکە ئەو بەکارهێنەرانەی گرتووەتەوە کە وەشانی ئامێرەکانیان iOS 13 و نوێترە.

بەڕێز Guy Rosen بەڕێوەبەری باڵای کۆمپانیای فەیسبووک هەبوونی کەلێنێکی لەو جۆرەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە وا دیارە هەڵەیەک بووەتە هۆکاری ئەو کەلێنە و کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکەن.

بۆ پارێزراوی خۆت و خۆ بەدوورگرتن لە کەلێنەکە، پێویستە توانای بەدەستگەیشتنی مایکرۆفۆن و کامێرا لە ئەپی Settings بۆ ئەپی Facebook بکوژێنیتەوە، یاخود ئەپەکە بسڕەوە تاوەکو کەلێنەکە چارەسەر دەکرێت.

نوێکراوە(2019/11/16 20:48): بەر لە 2 ڕۆژ کەلێنەکە چارەسەر کرا، ئەپەکە نوێ بکەرەوە.

بۆچونی تۆ