10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 17, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

باوکێک ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ئەپی نوێی Noise ـی Apple Watch بووەتە هۆکاری گۆڕینی ژیانی کوڕە توشبوو بە ئۆتیزمەکەی

بۆ چەند ساڵێک دەبێت گوێمان لە چیرۆکی ڕزگارکردنی ژیانی کەسە تەمەن جیاوازەکان دەبێت لە مردن لە لایەن کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـەوە، کاتژمێرە زیرەکەکەی ئەپڵ بە پاڵەوانی ڕزگارکەری ژیان لە نێو خەڵکیدا ناوی دەرکردووە و ڕۆڵێکی باڵای هەیە لە ڕزگارکردنی ژیانی کەسە تەمەن جیاوازەکاندا.

ئەمجارە گوێمان لە چیرۆکێکی جیاواز دەبێت. باوکێکی تەمەن 59 ساڵەی دانیشتووی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا بە ناوی Scott Bennett بۆ پێگەی People ـی ڕوون دەکاتەوە کە بە چ شێوازێک ئەپی نوێی Noise ـی Apple Watch بووەتە هۆکاری گۆڕینی ژیانی کوڕە 21 ساڵە توشبوو بە ئۆتیزمەکەی بە ناوی Sam ـەوە. Sam هەر لە زگماکییەوە تووشی نەخۆشی ئۆتیزم بووە. باوکی دەڵێت لەوەتی لە دایک بووە، کێشەی ئەوەی هەیە دەنگی زۆر زۆر بەرزە لە کاتی قسەکردندا، بە شێوەیەک کە چواردەورەکەی بێزار دەکات لە کاتی قسەکردن لە دەرەوەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی شەرمەزار کردنی خێزانەکەی و خۆیی.

Scott ـی باوکی Sam دەڵێت لە پێشوودا چەندین چارەسەرمان بۆ Sam دۆزیبووەوە، هەندێکیان بە سەرکەوتووانە کاریان دەکرد، بەڵام کاتی بوون و لە پاش ماوەیەک دەنگی Sam دووبارە زیاتر و زیاتر بەرزتر دەبووەوە.

چیرۆکی چارەسەرکردنی کێشەی دەنگ بەرزییەکەی Sam لەوەوە دەست پێدەکات، کاتێک باوکی وەشانی کاتژمێرە زیرەکە Apple Watch ـەکەی خۆی نوێکردەوە بۆ وەشانی نوێی watchOS 6، لە پاشان ئەپی نوێی Noise ـی بەدی کرد کە بۆ یەکەمجار لە وەشانەکەدا زیادکرا و تایبەتە بۆ زانینی ئاستی بەرزی دەنگی چواردەور و ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەر لە ئاستی مەترسیداری بەرزی دەنگدا. Scott ـی باوکی Sam لە پڕدا و لە پاش بەدی کردنی ئەپەکە، بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێت کە ڕەنگە ئەم ئەپە کێشەی کوڕەکەی چارەسەر بکات. هەر بۆیە بە زوویی چۆنیەتی کارکردنی ئەپەکە و پێوانەکردنی ئاستەکانی دەنگ لە ئەپەکەدا بۆ کوڕەکەی ڕوون دەکاتەوە، Sam ـیش دەستبەجێ دەست دەکات بە بەکارهێنانی ئەپەکە.

لە پاش ئەوەی کە Sam ئەپەکەی لە Apple Watch ـەکەی بەکاردەهێنا، کاتژمێرە زیرەکەکەی ئاگاداری دەکردەوە لەو کاتانەی کە دەنگی لە سنووری مامناوەنددا زیاتر بووایە، بۆیە بە پێی کات Sam ڕادەهات لەسەر ئەوەی کە ئاستی بەرزی دەنگی، بە هۆی ئەپەکەوە لە ئاستێکی کەمدا ڕابگرێت. بەم شێوەیە Sam ڕزگاری بوو لە کێشەی بەرزی دەنگ و شەرمەزاربوونی لە نێو خەڵکیدا بە هۆی دەنگە بەرز و بێزارکەرەکەیەوە.

ئەپی Noise بۆ یەکەمجار لە وەشانی نوێی watchOS 6 ـی تایبەت بە کاتژمێرە زیرەکەکانی Apple Watch ـدا بەردەست کرا و تایبەتە بە زانینی ئاستی بەرزی دەنگی چواردەور و ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەر لە دەنگە بەرزەکان و مەترسییەکانی.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ