رەقەکاڵا 4, كانونی یه‌كه‌م 2019

کوالکۆم پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 865 و Snapdragon 765 ـی بە پشتگیری لە 5G ـییەوە ڕاگەیاندن

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی Snapdragon Tech Summit لە دوێنێدا، کۆمپانیای کوالکۆم پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 865 و Snapdragon 765 ـی بە پشتگیری لە 5G ـییەوە ڕاگەیاندن.

هەردوو پڕۆسێسەرەکە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن، بەڵام هێشتا ناتوانن بە بێ مۆدیەمی تایبەت پشتگیری لە تەکنەلۆژیاکە بکەن، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت وزەیەکی زیاتری پاترییان پێویست دەبێت. هەردوو پڕۆسێسەرە نوێیەکە خاوەن مۆدیەمی نوێی X55 ـن لە جیاتی X50، زیاتر بە تواناترن، خێراترن بۆ داگرتن و بارکردن و پشتگیری لە فراوانی 6 گێگاهێرتز دەکەن.

لە ئێستاوە چاوەڕوانین تاوەکو نوێترین مۆبایلەکانی ساڵی داهاتوو بە پڕۆسێسەری بە توانای Snapdragon 865 ـەوە ببینین. وەکو یەکەمین کۆمپانیا، شاومی ڕایگەیاند کە مۆبایلی نوێی Mi 10 دەبێتە یەکەمین مۆبایل کە پڕۆسێسەری نوێی Snapdragon 865 ـی لەسەر جێگیر بکرێت، هەروەها کۆمپانیای OPPO ـیش ڕایگەیاند کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا یەکەمین مۆبایلی خۆیان بە پڕۆسێسەرە نوێیەکەوە ڕادەگەیەنن.

کۆمپانیای کوالکۆم لە سەرەتاکانی ئەمساڵەوە خەریکی تاقیکردنەوەیە لەسەر پڕۆسێسەرە نوێیەکانیان بە چیپی 5G ـییەوە، تەنانەت لە کۆنگرەی IFA 2019 ـیشدا پشتڕاستی کردەوە کە جۆرێکی نوێ لە زنجیرەی 700 ڕادەگەیەنن، ئەویش Snapdragon 765 بوو. بەڵام، هێشتا سەیرە کە کوالکۆم پڕۆسێسەرێکی تەواو بە توانای هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G لەسەر مۆبایلەکانی ساڵی داهاتوو کار پێبکات.

ئەگەر بەرهەمهێنەران بیانەوێت کە پڕۆسێسەری Snapdragon 865 بەکاربهێنن، پێویستە مۆبایلەکانیان پشتگیری لە 5G بکات. چونکە پڕۆسێسەری Snapdragon 865 و مۆدیەمی X55 تەواوکەری یەکترن و ناتوانرێت مۆدیەمێکی 4G بۆ پڕۆسێسەرەکە بەکاربهێندرێت.

چاوەڕوان دەکرێت هەریەکە لە مۆبایلە نوێیەکانی Samsung Galaxy S11 و OnePlus 8 و Google Pixel 5 و Samsung Galaxy Note 11 و LG G9 و زیاتر پڕۆسێسەری Snapdragon 865 ـیان لەسەر جێگیر بکرێت.

سەرچاوە The VergeXDA Developers
بۆچونی تۆ