10
فەیسبووک 28, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

کێشە کەوتە ڕاژەکانی تۆڕەکانی Facebook و Instagram و بە هۆیەوە چەند بەشێک لەکارکەوتوون (نوێکراوە: چارەسەرکرا)

ئەگەر ئێستا بتەوێت وێنەیەک لە فەیسبووک یاخود ئینستەگرامدا بڵاو بکەیتەوە، تێبینی ئەوە دەکەیت کە وێنەکەت بڵاونابێتەوە و هەست دەکەیت کە شتێکی هەڵە دەگوزەرێت.

لە ئێستادا ژمارەیەک بەشی تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام لەکارکەوتوون و بوونەتە هۆکاری درووستکردنی هەندێک کێشە، لەکارکەوتنەکە سەرتاسەری خزمەتگوزارییەکانی نەگرتۆتەوە، تەنها چەند بەشێک نەبێت. کێشەکان زیاتر ڕووبەڕووی ئەپەکانی هەردوو خزمەتگوزارییە ناوبراوەکە لە مۆبایلدا بوونەتەوە.

ئینستەگرام سەبارەت بەم کێشەیە ڕایگەیاندووە کە لە هەبوونی کێشەیەکی لەو جۆرە لە زنجیرە ئەپەکانی فەیسبووکدا ئاگادارن و بەزووترین کات کار لەسەر چارەسەرکردن و ئاسایی کردنەوەی دۆخی تۆڕەکەیان دەکەن.

دیارترین کێشەی هەردوو تۆڕەکە لە ئێستادا کە بە هۆی هەبوونی کێشە لە ڕاژەکانیاندا تووشی بەکارهێنەران بوونەتەوە، کێشەی بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانە. دەگوترێت ئەم کێشەیە مێسنجەریشی گرتۆتەوە.

بە پێی نەخشەی پێگەی DownDetector بێت، کێشەی لەکارکەوتنی ڕاژەکانی ئینستەگرام بە شێوەیەکی چڕ بەکارهێنەرانی ئەوروپای بە گشتی و بەریتانیای مەزنی بە تایبەتی گرتۆتەوە، ژمارەیەک بەکارهێنەریش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێن کێشەکە ئەوانیشی گرتۆتەوە. بەشێک لە ستافی کەی ئای تی ئێنیش لە کوردستان ڕووبەڕووی هەمان کێشە بوونەتەوە.

هەبوونی کێشەیەکی لەم جۆرە لە ڕاژەکانی خزمەتگوزارییەکانی فەیسبووکدا، لە کاتی بەڕێوەچوونی جەژنی سوپاسگوزاری (Thanksgiving) ـی هاوڵاتیانی ئەمریکادایە.

نوێکراوە (2019/11/28 23:34 GMT+3): ڕاژەکانی هەردوو تۆڕەکە گەڕانەوە باری ئاسایی خۆیان و کێشەکان چارەسەرکران.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ