10
هەواڵ 3, كانونی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

هواوەی هیچ پارچەیەکی درووستکراوی ئەمریکی لە مۆبایلەکانی Huawei Mate 30 ـدا بەکارنەهێناوە

کاتێک کە لە ناوەڕاستەکانی ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سزای خستە سەر کۆمپانیای هواوەی چینی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژەکانی ئەمریکاوە، زۆرێک لە ئێمە پرسیارمان لەلا درووست بوو کە “ئاخۆ هواوەی دەتوانێت بە بێ پارچەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا مۆبایل درووست بکات؟”. بە پێی پێگەی The Wall Street Journal بێت، وەڵامی ئەم پرسیارە “بەڵێ” ـیە.

پێگەی The Wall Street Journal لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەدات کە کۆمپانیای هواوەی چینی هیچ پارچەیەکی درووستکراوی ئەمریکی بۆ مۆبایلەکانی Huawei Mate 30 بەکارنەهێناوە، ئەمەش مۆبایلەکە دەکاتە خاوەن تۆماری یەکەمین مۆبایلی درووستکراو بە بێ پارچە ئەمریکییەکان.

شیکەرەوەکانی UBS و Fomalhaut Techno Solutions بە هەمان شێوە دەڵێن کە هیچ پارچەیەکی ئەمریکی بۆ مۆبایلە نوێیەکان بەکارنەهێندراون و لە جیاتی بەکارهێنانی پارچە ئەمریکییەکان، پشت بە سەرچاوەی جیاواز بەستراوە. بۆ نموونە؛ کۆمپانیاکە پشتی بە کۆمپانیای NXP ـی هۆڵەندی بەستووە لە جیاتی کۆمپانیای Cirrus Logic بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای فراوانکردنی دەنگ، هەروەها پشتی بە کۆمپانیای HiSilicon ـی سەر بە خۆی بەستووە بۆ بەکارهێنانی چیپەکانی Wi-Fi و Bluetooth لە جیاتی کۆمپانیای Broadcom.

 

وتەبێژێکی کۆمپانیا چینییەکە بە پێگەی The Wall Street Journal ـی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیای هواوەی کۆمپانیای ژمارە یەکە لە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G، هەروەها ئاشکرای کرد کە کۆمپانیا چینییەکە بەردەوام دەبێت لە وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی پەیوەندی هواوەی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان نایات.

وا دیارە هواوەی سەرکەوتوو بووە لە پەیداکردنی جێگرەوە بۆ پارچە ئەمریکییەکان، پێدەچێت سیستەمە تایبەتەکەشی بەمنزیکانە بەردەست بکرێت و کێشەی جێگرتنەوەی ئەندرۆیدیش چارەسەر بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ