گەرمترین 5, كانونی یه‌كه‌م 2019

زنجیرە مۆبایلی Huawei Nova 6 بە کامێرای ئاست بەرز و نرخی گونجاوەوە نمایشکران

هەروەکو پێشتر بڕیاربوو، ئەمڕۆ کۆنگرەی نمایشکردنی زنجیرە مۆبایلی Nova 6 لە لایەن هواوەیەوە بەڕێوەچوو. ئەم زنجیرە مۆبایلە لە زۆر تایبەتمەندی و ڕووەوە یەکەم مۆبایلی هواوەی دەبێت و سێ جۆر لە خۆی دەگرێت، ئەوانیش: Nova 6 5G و Nova 6 و Nova 6SE. لە سەرەتای کۆنگرەکەش کۆمەڵێک زانیاری و ئاماری سەرەنج ڕاکێش لە لایەن هواوەی خرانە ڕوو. دیارترینیان ڕێژەی بەکارهێنەرانی زنجیرەی نۆڤا بوو کە لە 125 ملیۆن بەکارهێنەر تێپەڕی کردووە.

تایبەتمەندییە دیارەکانی زنجیرە مۆبایلی نۆڤا 6

مۆبایلی Huawei Nova 6 5G خاوەن ڕوونمایەکی 6.57 ئینجی ئێل سی دییەوە بە ڕوونی 2400 × 1080 پێکسڵ بە بوونی کامێرایەکی دووانی سێڵفی کە یەکێکیان 32 و ئەوەی تریشیان 8 مێگاپێکسڵە. خاوەن پڕۆسێسەری Kirin 990 5G ـیە و ڕامی 8 گێگابایتە و بیرگەی تا 256 گێگابایت بەردەستە.

لە ڕووی پشتەوەی ئەم جۆرەیان سێ کامێرا هەیە کە سەرەکییەکەیان 40 مێگاپێکسڵە و جۆرێکی تێلەفۆتۆ بە 8 مێگاپێکسڵ و بە بوونی OIS. هەروەها هەستەوەرێکی 8 مێگاپێکسڵی گۆشەفراوان. هەروەک مۆبایلەکە پاتریەکی 4200 ملی ئەمپێری هەیە و پشتگیری لە خێرا بارگاویکردنەوەی 40 واتی دەکات.

شایەنی باسە، جۆری ئاسایی Nova 6 لە هەموو شتێکدا هاوشێوەی Nova 6 5Gـیە، تەنها ئەوە نەبێت کە پشتگیری لە ڕایەڵەی 5G ناکات و پاترییەکەی 4100 ملی ئەمپێرە. هەردوو مۆبایلەکە بە ڕووکاری EMUI10 بەهێزکراون کە لەسەر سیستەمی ئەندرۆید 10 بنچینەرکراوە.

پەنجە مۆری ئەم دوو مۆبایلە لەسەر دووگمەی وزە Power جێگیرکراوە. لە هەمان کاتدا، ڕوونمای ئەم مۆبایلانە بڕوانامەی German Rheinland Low Blue Light بەدەست هێناوە و دۆخی خوێندنەوەی کتێبی ئەلیکترۆنی بۆ زیادکراوە بە ناوی E-Book Mode.

هەرچی مۆبایلی Nova 6 SEـیە، خاوەنی ڕوونمایەکی 6.4 ئینجە بە ڕوونی +FullHD کە کامێرایەکی 16 مێگاپێکسڵی سێڵفی لەسەرەوەی جێگیرکراوە. بە پڕۆسێسەری Kirin 810 بەهێزکراوە و ڕامی 8 گێگابایتە و بیرگەی تا 128 گێگابایت بەردەستە.

لە ڕووی پشتەوەی ئەم مۆبایلە چوار کامێرا هەیە، بەم شێوەیە: سەرەکییەکەی 48 مێگاپێکسڵە، و گۆشەفراوانەکەی 8 مێگاپێکسڵ، و هەستەوەری قوڵی 2 مێگاپێکسڵ، و دانەیەکی 2 مێگاپێکسڵی ماکڕۆ. هەروەکو جۆرەکانی تر ئەم مۆبایلە خاوەنی پاترییەکی 4200 ملی ئەمپێرییە بە بوونی تەکنەلۆژیایی خێرابارگاوی کردنەوەی 40 واتی. هەروەک مۆبایلەکانی تر پەنجە مۆری ئەم مۆبایلە لەسەر دووگمەی وزە Power جێگیرکراوە.

سەبارەی ئەم تایبەتمەندییانەی سەرەوە، ئەم زنجیرەیە خاوەنی تایبەتمەندی Touch and Touchـە کە بە تەنها یەک پەنجەنان پەیوەندی دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کرداری پێویست و گرنگ، وەکو، ئاڵوگۆڕی فایلی و پەڕگە لە نێوان مۆبایل و کۆمپیوتەر، گواستنەوەی ڕوونمای مۆبایل بۆ سەر ڕوونمای کۆمپیوتەر، زیاتریش… هەروەک ئەم زنجیرەیە لە ڕێگەی Dual-connection Wifi ئەنجامدانی یاری بە 75% باشتر کراوە و بەمەش بەبێ وەستان و دواکەوتن یارییەکانت دەتوانیت ئەنجام بدەیت.

نرخی ئەم زنجیرەیە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • Nova SE نرخی لە 315 دۆلار دەست پێدەکات
  • Huawei Nova 6 8GB + 128GB بە نرخی $454 دەبێت
  • Huawei Nova 6 5G 8GB + 128GB بە نرخی $539 دەبێت
  • Huawei Nova 6 5G 8GB + 256GB بە نرخی $596 دەبێت

بەردەست بوونی ئەم زنجیرەیە:

هواوەی ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە داواکاری پێشوەختە کراوەیە و لە 12-12 بە فەرمی فرۆشتنی ئەم زنجیرەیە دەست پێدەکات.

تاگەکان Huawei Nova6
بۆچونی تۆ