سامسۆنگ 8, كانونی یه‌كه‌م 2019

دەنگۆ: مۆبایلی Samsung Galaxy S11 خاوەن کامێرای 108 مێگاپێکسڵی دەبێت

وێنە ڕێندەرە سەرەتاییەکانی مۆبایلی سامسۆنگ Galaxy S11 ئاشکرایان کرد کە مۆبایلەکە خاوەن کامێرای زیاتر و هەروەها باشتر دەبێت، دەنگۆ سەبارەت بە تایبەتمەندی کامێراکانی مۆبایلەکە بوونی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg، ڕوونی کامێرای سەرەکی مۆبایلی نوێی Galaxy S11 بریتی دەبێت لە 108 مێگاپێکسڵ، هەروەها هەستەوەری telephoto ـەکەی توانای نزیککردنەوەی بۆ 5 هێندە دەبێت. ئەمە لە پاڵ هەبوونی هەستەوەرێکی تایبەت بە ناوی time-of-flight، وەکو Galaxy Note 10 Plus ـی ئەمساڵ.

پێدەچێت سامسۆنگ درێژە بە بەکارهێنانی ئەو هەستەوەرە کامێرا ڕوون بەرزە بدات لە مۆبایلەکانی دیکەی ساڵی داهاتوویدا. هەر وەک پێگەی Bloomberg ئاماژەی بەوە داوە کە پێدەچێت سامسۆنگ ئەو هەستەوەرە کامێرایە بۆ نەوەیەکی نوێی مۆبایلی چەماوەیی Galaxy Fold بەکاربهێنێت.

بۆ یەکەمجار کۆمپانیای شاومی چینی بەکارهێنانی هەستەوەرە 108 مێگاپێکسڵییە نوێیەکەی سامسۆنگی بۆ مۆبایلی Mi Mix Alpha ڕاگەیاند، لە پاشان لە مۆبایلی Mi Note 10 ـدا بەکاری هێنا. بەڵام دیارە بۆ ئەمساڵ سامسۆنگ پلانێکی تۆکمەی لە مێشکدایە بۆ زنجیرە نوێیەکەی Galaxy S، چونکە لەوەتەی مۆبایلی Galaxy S7 لە ساڵی 2016 ـەوە تاوەکو ئێستا سامسۆنگ هەستەوەری کامێرای 12 مێگاپێکسڵی بۆ مۆبایلەکانی زنجیرەی Galaxy S و ئەوانی دیکە بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ