ئەپڵ 9, كانونی یه‌كه‌م 2019

دەنگۆ: نەوەی دووەمی iPhone SE ـی نوێ ناوی iPhone 9 دەبێت

لە ماوەی ڕابردوودا، بۆ چەند جارێک بیستمان کە ئەپڵ لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی ئایفۆنێکی نرخ هەرزان لە بەهاری ساڵی داهاتوودا. هەروەها شیکەرەوە و پێشبینیکەری بەناوبانگ Ming-Chi Kuo ناوی ئەو ئایفۆنە نرخ هەرزانەی بە iPhone SE 2 ناوبرد و ڕایگەیاند کە خاوەن دیزاینێکی هاوشێوەی iPhone 8 دەبێت. ئێستا دەنگۆیەکی جیاواز سەبارەت بە ناوەکەی بوونی هەیە.

ساڵی 2017 ساڵێکی کەمێک سەیر بوو بۆ هەوادارانی ئایفۆن، چونکە ئەپڵ 2 دانە ئایفۆنی نوێی بە ناوەکانی iPhone 8 و iPhone X ـەوە ڕاگەیاند، لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرا iPhone X ناوی iPhone 9 ببێت، بەڵام وا دەرنەچوو و بۆمان دەرکەوت کە چیدیکە ئایفۆنێک نابینین بە ناوی iPhone 9 ـەوە.

بەڵام ڕاپۆرتێکی نوێی پێگەی Macotakara ئاشکرای دەکات کە ئەگەر زۆرە ئەپڵ ناوی iPhone 9 بۆ ناوی نەوەی دووەمی iPhone SE بەکاربهێنێت، کە پێشبینی دەکرێت لە بەهاری ساڵی داهاتوودا ڕابگەیەندرێت و ئەو ناوە بە پەڕێندراوی نەمێنێتەوە.

بە پێی زانیاری هەندێک سەرچاوە، ڕێی تێ دەچێت iPhone SE 2 کە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا ڕادەگەیەندرێت، بە ناوی iPhone 9 ـەوە ڕابگەیەندرێت. هەروەها لاشەی iPhone 8 ـی بۆ بەکاردێت و خاوەن پڕۆسێسەری A13 Bionic دەبێت، بەڵام دیار نییە خاوەن کام هەستەوەری ئاسایشی دەبێت.

-پێگەی Macotakara

زۆرێک لە پێگەکان دووپاتیان کردۆتەوە کە لاشەی iPhone 8 بۆ iPhone SE 2 بەکاردێت، بەمەش مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 4.7 لە جۆری LCD، ئەوەی دەگۆڕێت پڕۆسێسەرەکەیەتی، کە خاوەن پڕۆسێسەری A13 Bionic دەبێت. پێدەچێت نرخی لە 399$ ـەوە دەست پێبکات و بە ڕەنگەکانی زیوی، خۆڵەمێشی و سورەوە بەردەست بکرێت.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ