سامسۆنگ 11, كانونی یه‌كه‌م 2019

دەنگۆ: مۆبایلی Samsung Galaxy S11 بە پڕۆسێسەری Snapdragon 865 لە ناوچەی زیاتردا بەردەست دەکرێت

کۆمپانیای سامسۆنگ بۆ ماوەیەکی درێژە مۆبایلەکانی بە پڕۆسێسەرەکانی Exynos ـەوە بەردەست دەکات، پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon تەنها بۆ ئەو مۆبایلانەی خۆی بەکاردەهێنێت کە لە ناوخۆی ئەمریکا و چین و ژاپۆندا دەفرۆشرێن.

ژمارەیەک لە پێگەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە کۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی Samsung Galaxy S11 بە پڕۆسێسەری Snapdragon 865 ـەوە لە ناوچەی زیاتردا بەردەست بکات، نەوەک تەنها لە ناوخۆی وڵاتی ئەمریکا و چین و ژاپۆندا. پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 865 لە تەواوی وڵاتانی کیشوەری ئەوروپادا بەردەست بکرێت، تەنانەت لە وڵاتی دایکیشدا، کۆریای باشوور.

بە پێی پێگەی The Elec Samsung بێت، هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە لە لایەن سامسۆنگەوە بۆ هەبوونی جیاوازییەکی زۆر لە توانستی نێوان پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 865 و Exynos 990 ـدا دەگەڕێتەوە. لە بیری مەکە، کە تاوەکو ئێستا سامسۆنگ ئەمەی بە فەرمی ڕانەگەیاندووە و دەنگۆیە، ئەگەر ڕووشبدات، ڕەنگە بە بێدەنگی ئەم باسە بهێڵێتەوە.

پڕۆسێسەری Snapdragon 865 خاوەن ناوکەکانی Cortex-A77 ـە و توانای هەیە کار بە کامێرایەکی ڕوون 200 مێگاپێکسڵ بکات، لە بەرامبەردا پڕۆسێسەری Exynos 990 ناوکەکانی A76 بەکاردەهێنێت و توانای هەیە کار بە کامێرایەکی ڕوون 108 مێگاپێکسڵ بکات.

لە ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگ ڕایگەیاند کە پڕۆسێسەرەکانی MediaTek 5G بەکاردەهێنێت بۆ مۆبایلە ئاست مامناوەند و نزمەکانی.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ