10
مۆبایل و تابلێت 16, كانونی یه‌كه‌م 2019

مۆبایلەکانی Vivo X30 و Vivo X30 Pro بە پڕۆسێسەری Exynos 980 و کامێرای 64 مێگاپێکسڵییەوە ڕاگەیاندران

ماوەیەکی زۆر دەبوو کۆمپانیای Vivo ـی چینی خۆی ئامادەکردبوو بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلە نایابەکانی Vivo X30 و Vivo X30 Pro. سەرئەنجام، ئەمڕۆ مۆبایلەکان بە پڕۆسێسەری Exynos 980 و کامێرای 64 مێگاپێکسڵییەوە ڕاگەیاندران.

مۆبایلەکانی Vivo X30 و Vivo X30 Pro خاوەن ڕوونمایەکن بە قەبارەی 6.44 ئینج لە جۆری Super AMOLED و بە ڕوونی +Full HD، ڕووناکییان 1200 نیتە و پشتگیری لە تەکنەلۆژیای HDR دەکەن. ڤیڤۆ بە تایبەتی سەرنجی خستۆتە سەر کامێرای مۆبایلە نوێیەکان، مۆبایلی Vivo X30 Pro خاوەن 4 کامێرایە بە ڕوونییەکانی 64 و 13 و 32 و 8 مێگاپێکسڵ، هەروەها توانای نزیککردنەوەی دیمەنەکانی هەیە بۆ 60 هێندە.

لە بەرامبەردا، مۆبایلی Vivo X30 خاوەن 3 دانە کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونییەکانی 64 و 32 و 8 مێگاپێکسڵ و خاوەن هەستەوەری تایبەتی نزیککردنەوەی دیمەنەکان نییە، ئەمەش مانای وایە کە تەنها توانای نزیککردنەوەی دیمەنەکانی بۆ 20 هێندە هەیە.

لە پێشەوە، خاوەن چاڵی ژێر ڕوونمان کە کامێرا 32 مێگاپێکسڵییەکەی تێدا جێگیرکراون، هەروەها خاوەن بچووکترین چاڵی ژێر ڕوونمان و بە ڕێژەی 60% لە بچووکترین چاڵی ژێر ڕوونما بچووکترن کە لە ڕابردوودا بینیبوومان.

مۆبایلەکان خاوەن پڕۆسێسەری Exynos 980 ـی کۆمپانیای سامسۆنگن، کە بە مانای ئەوە دێت پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن. خاوەن ڕامێکن بە فراوانی 8 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی بە بژاردەکانی 128 و 256 گێگابایت.

خاوەن پاترییەکن بە توانستی 4,350 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکەن بە توانای 33 وات. هەروەها ساردکەرەوەیان هەیە تاوەکو تەکنەلۆژیای 5G کار نەکاتە سەر پلەی گەرمییان. خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرن لە ژێر ڕوونماکانیاندا و ڕووکاری FuntouchOS 10 ـی بنچینەکراویان لەسەر Android 9 Pie لەسەر جێگیرکراون.

مۆبایلەکانی Vivo X30 و Vivo X30 Pro بە ڕەنگەکانی مۆر و پڕتەقاڵی و ڕەشی تێکەڵاوەوە و بە نرخی دەستپێکی نزیکەی 472$ ـەوە لە ڕێکەوتی 28 ـی ئەم مانگەدا لە بازاڕەکانی وڵاتی چیندا بەردەست دەکرێن.

نرخەکان

  • Vivo X30:
    • ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت: 472$.
    • ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایت: 515$.
  • Vivo X30 Pro:
    • ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت: 573$.
    • ڕامی 8 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایت: 616$.
سەرچاوە XDA-Developers
بۆچونی تۆ