گەرمترین 6, شوبات 2020

4 گەورە کۆمپانیای چینی لە هەوڵی جێگەگرتنەوەی کۆگای Google Play ـدان

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Reuters بێت، هەر 4 گەورە کۆمپانیای چینی هواوەی، شاومی، ئۆپۆ و ڤیڤۆی سەر بە کۆمپانیای BBK لە هەوڵدان تاوەکو کۆگایەکی تایبەت بە داگرتنی ئەپەکان درووست بکەن و بیکەن بە جێگرەوەی Google Play ـی گووگڵ.

بە پێی پێگەکە بێت، کۆمپانیا ناوبراوەکان پەیوەستی پڕۆژەی Global Developer Service Alliance بوون، کە تایبەتە بە درووستکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاوبەشی. هەرچەندە پێشووتر کۆمپانیاکانی شاومی و ئۆپۆ و ڤیڤۆ پەیوەستی پڕۆژەکە ببوون، ئێستا هواوەیش بەشێکە لە پڕۆژەکە و ئەو چوارە لە هەوڵدان تاوەکو لە ڕێگەی کۆگایەکەوە، ڕێگە بە گەشەپێدەران بدەن ئەپ و یارییەکانیانی تێدا بڵاو بکەنەوە.

لەو کاتەوەی کە کۆگای Google Play لە وڵاتی چین قەدەغە کراوە، کۆگا دەرەکییەکان زاڵ بوون و لە مەیدانەکەدا بوونیان هەن تاوەکو ڕێگە بە هاوڵاتییە چینییەکان بدەن ئەپ و یارییەکان بۆ ئەندرۆیدەکانیان دابگرن. بەڵام لە دەرەوەی چین، دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە و Google Play ـی گووگڵ پاڵەوانە.

لە ساڵی ڕابردووەوە، حکومەتی ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر کۆمپانیای هواوەی چینیدا سەپاند و بەم هۆیەوە کۆمپانیای گووگڵ چیدیکە مۆڵەتی نەدا بە هواوەی بە مەبەستی بەکارهێنانی کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ. هواوەی ناچار بوو مۆبایلەکانی Mate 30 و ژمارەیەک مۆبایلی دیکەی نوێ و داهاتووی بە بێ هەبوونی کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ بەردەست بکات.

کۆمپانیا چینییەکانی پڕۆژەی Global Developer Service Alliance لە پلانیاندایە تاوەکو خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە لە 9 وڵاتی دیکەی جیاواز بەدەر لە چین بەردەست بکەن، کە تێیاندا هەر یەکە لە هیندستان، ئەندەنوسیا، ڕووسیا و مالیزیا بوونیان هەن.

هەر 4 کۆمپانیای هواوەی، شاومی، ئۆپۆ و ڤیڤۆی چینی، ڕێژەی 40% ـی بازاڕی مۆبایلەکانی سەرانسەری جیهان پێک دەهێنن. بێگومان وازهێنان لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە، زیانێکی زۆر بە گووگڵ دەگەیەنێت، بە تایبەتی کۆگای Google Play، کە بڕێکی زۆری داهاتی گووگڵ پێکدەهێنێت.

کۆمپانیای هواوەی بڕی 1 ملیار دۆلاری تەخان کردووە بۆ درووستکردن و گەشەپێدانی زنجیرە ئەپەکانی Huawei Mobile Services بۆ جێگرتنەوەی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ، هەروەها سیستەمێکی تایبەت بە خۆشیشی بە ناوی Harmony OS ـەوە درووست دەکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ