10
مۆبایل و تابلێت 26, كانونی یه‌كه‌م 2019

ڕەنگە مۆبایلی Huawei P40 Pro خاوەن 5 کامێرا ببێت لە پشتەوە

لە ماوەی ڕابردوودا، ئاشکرا ببوو کە مۆبایلەکانی Huawei P40 و Huawei P40 Pro لە مانگی 3 ـی ساڵی نوێدا نمایش دەکرێن، هەروەها پێشتر ژمارەیەک ڕێندەری مۆبایلەکان بڵاوکرانەوە، بەڵام زۆر تاریک و ناڕوون بوون.

سوپاس بۆ وێنە دزەپێکراوەکانی پێشووتر، دەمانزانی کە مۆبایلی Huawei P40 Pro لە پشتەوە خاوەن 5 کامێرا دەبێت بە هەژمارکردنی هەستەوەرە بچووکەکانەوە، کامێرای سەرەکی مۆبایلەکە ڕوونی 64 مێگاپێکسڵ دەبێت لە جۆری Sony IMX686 و کامێراکانی دیکەی ڕوونیان 20 مێگاپێکسڵ لە جۆری Ultrawide و 12 مێگاپێکسڵ لە جۆری Periscope Telephoto (توانای نزیککردنەوەی 10 هێندە) دەبێت و کامێراکانی دیکەشی لە جۆری Macro و 3D ToF دەبێت. وێنەیەکی نوێی مۆبایلەکە دزەی پێکراوە کە لە ڕەنگی شینە و دەردەکەوێت مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکی دیکە دەبێت لە جۆری تەلەسکۆپ (Periscope) تایبەت بە نزیککردنەوەی دیمەنەکان، لە پاڵ 4 کامێراکەی دیکەی.

دەنگۆ هەیە کە گوایە ڕوونمای مۆبایلی Huawei P40 Pro قەبارە 6.5 بۆ 6.7 ئینج دەبێت. ڕێندەرە دزەپێکراوەکانی پێشووتر ئاشکرایان نەکردووە کە ڕوونمای مۆبایلەکە خاوەن نۆچ دەبێت یاخود نا، بەڵام وێنەی بەرگی پارێزەری مۆبایلەکە دزەی پێکراوە و ئاشکرای دەکات کە خاوەن نۆچ نابێت لەسەر ڕووی ڕوونماکەی، ئیدی نازاندرێت کامێرای پێشەوەی لە ژێر ڕوونمادا دەبێت یاخود لە جۆری دەرکەوتە دەبێت.

تاوەکو ئێستا گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە پێی کات زۆرینەیان ئاشکرا دەبن و زیاتر لە 3 مانگمان ماوە بۆ نمایشکردنی.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ