ئەپ و نەرمەکاڵا
31, كانونی یهكهم 2019
ئەپی WhatsApp چیدیکە پشتگیری لە ژمارەیەک وەشانی دیکەی کۆنی iOS و Android ناکات

ئەگەر هێشتا ئایفۆن ئاخود ئامێرێکی کۆنی ئەندرۆید بەکاردەهێنیت، ڕەنگە ئەم بابەتە ببێتە جێی بایەخ و ئاگادارکەرەوە بۆت. ئەپی بەناوبانگی نامەبەری WhatsApp ـی سەر بە فەیسبووک چیدیکە پشتگیری لە ژمارەیەک وەشانی دیکەی کۆنی iOS و Android ناکات.
لە پەڕەی پشتگیری ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە، WhatsApp ڕایگەیاند کە ئەپەکەیان چیدیکە پشتگیری لە وەشانی Android 4.0.3 (ناسراو بە Ice Cream Sandwich) و کۆنتر، هەروەها iOS 9 و کۆنتر ناکات. هەروەک پێگەی Android Central ڕایگەیاندووە، ئەم نەهێشتنی پشتگیری ئەپەکە لەسەر وەشانە ناوبراوەکان لە ڕێکەوتی 1 ـی مانگی داهاتوو و خۆرهەڵاتنی یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێدا جێبەجێ دەکرێت.
هۆکاری نەهێشتنی پشتگیری ئەپی WhatsApp لەسەر ئەو وەشانە ناوبراوە کۆنانە، دەگەڕێتەوە بۆ ناچالاکی گەشەپێدانیان و ڕەنگە لە داهاتوودا پشتگیری لە ژمارەیەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەپەکە نەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، چیدیکە بەکارهێنەرانی سیستەمی کارپێکەری Windows Phone ناتوانن لە ئەمڕۆ و بە دواوە ئەپی WhatsApp بەکاربهێنن و کۆمپانیاکە لەمەودوا پشتگیری ئەپەکەی لە سیستەمە کارپێکەرە مردووەکەی مایکرۆسۆفت ناکات.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.