ئەپڵ 1, كانونی دووه‌م 2020

پێدەچێت ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕ و بێ نۆچ ببن

ئەپڵ مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی چوارچێوەی گەورە بۆ ڕوونمای ئایفۆنەکان، لەم دوایشدا، نۆچی هاتە سەر. هەر چەندە لە ڕابردوودا ژمارەیەک پێشبینی دەیانگوت کە ئایفۆنەکانی ساڵی 2021 خاوەن نۆچ نابن، بەڵام ڕاپۆرتێک پێمان دەڵێت کە زووتر ئەپڵ ئەم کارە بە ئەنجام دەگەیەنێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی LetsGoDigital، ئایفۆنەکانی ئەمساڵ خاوەن نۆچ نابن لەسەر ڕوونماکانیان، بەمەش خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕ دەبن، ئەمە بە پشتبەستنە بە وێنەیەکی دیزاینکراو لە لایەن یەکێک لە دابینکەرەکانی کۆمپانیای ئەپڵەوە.

بۆ بەدەستهێنانی ڕوونمایەکی پڕاوپڕ، ڕاپۆرتەکە دەڵێت پێدەچێت ئەپڵ هەستەوەری True Depth ـی کامێرای پێشەوە لاببات، کە کاری ناسینەوەی دەموچاوە و لە جیاتی ئەم هەستەوەرە، هەستەوەری پەنجەمۆر بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە ژێر ڕوونما دەبێت. پێگەی Credit Suisse ـیش لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت بە ڕوودانی ئەمە، ڕەنگە ئایفۆنە نوێیەکان خاوەن کامێرای ژێر ڕوونما ببن.

ڕوودانی ئەمە ئەستەم نییە، چونکە لە ئێستادا، هەریەکە لە تەکنەلۆژیاکانی هەستەوەری ژێر ڕوونما و کامێرای ژێر ڕوونما بوونیان هەن. بەڵام، هەرگیز ئەپڵ تەکنەلۆژیایەکی لاوی لە ئایفۆنەکاندا بەکارنەهێناوە لە ترسی شکست خواردن، ئەو تەکنەلۆژیایانەش زۆر لاون.

لە ماوەی ڕابردوودا، پێشبینیکەری بەناوبانگ، بەڕێز Ming Chi-Kuo، ڕایگەیاندبوو کە ئایفۆنەکانی ساڵی 2021 یەکەم ئایفۆن دەبن بە خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕ و بێ نۆچەوە. بێگومان ناوازە دەبێت ئەگەر ئەمە ئەمساڵ ڕووبدات.

ئەگەر تاوەکو ئێستا نازانیت نۆچ چییە، ئەم بەشە ڕەشەی سەرەوەی ڕوونمایە، کە کامێرا و بڵندگۆ و ژمارەیەک هەستەوەری دیکەی تێدا جێگیر دەکرێت:

سەرچاوە 9To5MacMobileSyrup
بۆچونی تۆ