سامسۆنگ 1, كانونی دووه‌م 2020

مۆبایلی Samsung Galaxy Note 10 Lite لە ژمارەیەک وێنەی زیندوودا بە دیارکەوت

نزیکەی 2 هەفتە لەمەوبەر، مۆبایلی Samsung Galaxy Note 10 Lite ـمان لە ژمارەیەک ڕێندەری دزەپێکراودا بینی و دیزاینیمان بۆ ئاشکرا بوو. ئێستا وێنە زیندووەکانی مۆبایلەکەمان لەبەر دەستدایە، کە تەواوی دیزاینی مۆبایلەکە ئاشکرا دەکات.

ژمارەیەک وێنەی زیندووی مۆبایلی نوێی Samsung Galaxy Note 10 Lite دەست کەناڵی یوتیوبی TechTalk TV کەوتووە. خۆشحاڵانە، وێنەکان تەواوی دیزاینی مۆبایلەکەمان بۆ ئاشکرا دەکەن. دەردەکەوێت لە ناوەڕاستی بەشی سەرەوەی ڕوونماکەیدا خاوەن چاڵی ژێر ڕوونما دەبێت بۆ جێگیرکردنی کامێرای پێشەوەی، هەروەها لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرا دەبێت لە نێو لاکێشەیەکی ڕەشدا، هەمان ئەو دیزاینی ڕێکخستنی کامێرایانەی Galaxy S11 کە بۆ چەند جارێک دووپات کرانەوە.

لە لاتەنیشتەکانیەوە، دەردەکەوێت کە خاوەن دوگمەکانی وزە و دەستکاریکردنی دەنگ دەبێت لە لای ڕاست، هەروەها خاوەن قەڵەمی زیرەکی S-Pen دەبێت.

بەداخەوە، تاوەکو ئێستا سامسۆنگ تەنانەت وشەیەکیشی دەربارەی مۆبایلەکە نەگوتووە. بەڵام زانیارییە دزەپێکراوەکانی ماوەی ڕابردوو، ئاشکرایان کرد کە مۆبایلی Samsung Galaxy Note 10 Lite پڕۆسێسەری Exynos 9810 ـی لەسەر جێگیر دەبێت و خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 6 گێگابایت و بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی 128 گێگابایت و پاترییەکیش بە توانستی 4,500 ملی ئەمپێر و هەبوونی پشتگیری بارگاویکردنەوەی خێرای 25 وات. هەروەها، خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری AMOLED و بە ڕوونی +FHD.

سەبارەت بە کامێراکانی، زانیارییە دزەپێکراوەکان دەڵێن کە ڕوونی کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە 32 مێگاپێکسڵ دەبێت و ڕوونی هەر سێ کامێراکانی پشتەوەی 12 مێگاپێکسڵ دەبن.

پێشبینی دەکرێت نرخی مۆبایلەکە بە نزیکەیی 680$ ببێت و لە هەر کاتێکدا بێت ڕابگەیەندرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ