کۆمپیوتەر 6, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای HP لاپتۆپی Spectre x360 ـی 15 ئینجی بە چوارچێوەی کەمتر و تراکپادی باشترەوە نوێکردەوە

هەر وەکو ساڵی پار کە کۆمپانیای HP لاپتۆپی Spectre x360 ـی 13 ئینجی بە چەندین گۆڕانکاری گرنگەوە نوێکردەوە، بۆ ئەمساڵیش و لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا، کۆمپانیاکە لاپتۆپی Spectre x360 ـی 15 ئینجی بە چوارچێوەی کەمتر و تراکپادی باشترەوە نوێکردەوە.

هاوشێوەی ئەوەی پار ساڵ HP بەسەر لاپتۆپی Spectre x360 ـی 13 ئینجیدا ئەنجامیدا، بۆ ئەمساڵ هەمان شتی لەسەر لاپتۆپی Spectre x360 ـی 15 ئینجی ئەنجام داوەتەوە. ئەم نەوە نوێیەی لاپتۆپی Spectre x360 ـی 15 ئینجی چوارچێوەی ڕوونماکەی زۆر کەمترە و قەبارەی بە ڕێژەی 13% بچووکترە لە چاو نەوەی پێش خۆی، جۆری ڕوونمای ئەم نەوە نایابەی لاپتۆپەکە هەر لە جۆری OLED ـە.

ڕاست: نەوەی نوێ. چەپ: نەوەی پار ساڵ.
ڕاست: نەوەی نوێ. چەپ: نەوەی پار ساڵ.

دەربارەی گۆرانکاڕییەکانی دیکە، کۆمپانیاکە تراکپادی Windows Precision Drivers ـی بۆ ئەم لاپتۆپە نوێیە بەکارهێناوە، کە جۆرێکی باشترە و چیدیکە کێشە درووست ناکات بۆ بەکارهێنان، هەروەها زۆرێک لە لاپتۆپەکانی کۆمپانیاکە خاوەن ئەو جۆرە تراکپادەن. تێبینی دەکرێت کە ئاستی دەنگی لاپتۆپەکەش باشتر کراوە.

لە ناوەوە، خاوەن پڕۆسێسەری نەوەی دەیەمی Core i7 ـی قەبارە 14 نانۆمەتری Comet Lake ـی کۆمپانیای Intel ـە، هەروەها کارتە گرافیکەکەشی یەکێکە لە جۆرەکانی کۆمپانیای Nvidia (ئاشکرا نەکراوە).

گۆڕانکاری لە دەرچەکانیدا نەکراوە، ئەم نەوەیەش خاوەن 2 دانە دەرچەی Thunderbolt 3 و دەرچەیەکی USB-A و HDMI ـە.

تراکپادە نوێیەکەیی لێ دەربچێت، ئەم جۆرە نوێیەی لاپتۆپە بە تەواوەتی لە وەشانی 15 ئینجی لاپتۆپی Spectre x360 ـی 13 ئینجی پار دەچێت.

تاوەکو ئێستا کۆمپانیای HP وردەکارییەکانی دەربارەی نرخ و ڕێکەوتی بەردەستبوونی لاپتۆپەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێدەچێت لە چەند هەفتەیەکی کەمی داهاتوودا بەردەست بکرێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ