ئەپڵ 10, كانونی یه‌كه‌م 2019

بەرزترین نرخی کۆمپیوتەری Mac Pro دەگات بە 52,599$

ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپیوتەری Mac Pro و مۆنیتەری Pro Display XDR بەردەست کردن بۆ کڕین، هیچ گومانمان لەوە نییە کە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ئەپڵ چاوەڕێی بەرهەمێکی وا ناکەن، نەوەک لەبەر توانستیان، بەڵکو لەبەر نرخە بەرزەکەیان.

نرخی Mac Pro لە 5,999$ ـەوە دەست پێدەکات، بەو نرخە دەتوانیت کۆمپیوتەرەکە بە هەبوونی پڕۆسێسەری 8 ناوەکی Intel Xeon و گرافیکی AMD Radeon Pro 580X و ڕامی 32 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایت لە جۆری SSD بەدەست بهێنیت. بەڵام ئەمە بەرزترین نرخی نییە و دەتوانیت بە نرخی زۆر زیاتر تایبەتمەندی زۆر بەرزتر بەدەست بهێنیت.

بەرزترین نرخی کۆمپیوتەرەکە دەگات بە 52,599$، بێگومان بە هۆی تایبەتمەندییە ئێجگار بەرزەکانی. دەتوانیت ئەم تایبەتمەندییانە بەم نرخە ئێجگار بەرزە بەدەست بهێنیت:

  • پڕۆسێسەر: جۆری Intel Xeon W بە هەبوونی 28 ناوک و خێرایی 2.5 گێگاهێرتز و 56 دەزوولە و تایبەتمەندی Turbo Boost بە بەرزترین خێرایی 4.4 گێگاهێرتز.
  • ڕام: فراوانی 1.5 تێرابایت بە خێرایی 2933 مێگاهێرتز.
  • بیرگە: فراوانی 4 تێرابایت لە جۆری SSD. (ئەپڵ دەڵێت لە داهاتوودا بژاردەی بیرگەی 8 تێرابایتیش زیاد دەکرێت، بێگومان چاوەڕێ دەکرێت نرخی کۆمپیوتەرەکە زۆر بەرزتر ببێتەوە).
  • گرافیک: 2 دانە کارتی گرافیکی AMD Radeon Pro Vega II Duo، هەر دانەیەکیان خاوەن ڕامێکی 32 گێگابایتین.
  • کارتی Afterburner.
  • ڕاگر بۆ کۆمپیوتەرەکە.
  • تەختەکلیل و ماوسی Magic.
  • تراکپادی Magic.

هەروەها بژاردەیەکی دیکە لە مۆنیتەری Pro Display XDR بەردەستە کە بەرزترین نرخی مۆنیتەرەکەیە و نرخی دەگات بە 5,999$، تەنها جیاوازی ئەوەیە کە شووشەی ڕوونمای ئەم بژاردەیە لە جۆری nano-texture ـە. بژاردەی نرخ بەرزتر لە ڕاگر (ستاند) ـەکەی بەردەست نییە و نرخی هەر 999$ ـە (سوپاس بۆ خوا!).

هێشتا بڕی 52,599$ بە مۆنیتەرەکەشەوە نییە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی مۆنیتەرەکە، پێویستە بڕی 6,998$ ـی دیکە بدەیت، بەمەش کۆتا نرخ 59,597$ دەبێت.

بەڵام پەندێک هەیە دەڵێت؛ هەر شتە و بە نرخی خۆی. بێگومان، هیچ نەبێت تا ڕادەیەک ئەم نرخە بەرزە شایەنی ئەم تایبەتمەندییە ئێجگار بەرزانەی کۆمپیوتەری Mac Pro ـە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ