فەیسبووک 13, كانونی دووه‌م 2020

بەر لە بەهار، ڕووکارە نوێیەکەی Facebook بۆ سەرجەم بەکارهێنەران لە وێب بە دۆخی تاریکەوە بەردەست دەبێت

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ڕووکاری تۆڕەکەیان بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانیان لە وێبدا بۆ ڕووکارێکی تەواو سپی و ڕووناک نوێ دەکەنەوە. لەو کاتەوە، کۆمپانیاکە هیچ شتێکی دەربارەی کاتی بەردەستکردنی ڕووکارە نوێیەکە بۆ بەکارهێنەران ئاشکرا نەکرد. بۆ یەکەمجار، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە چ کاتێک ڕووکارەکە بەردەست دەکات.

لە چەند مانگێکی کەمی ڕابردوودا، کۆمپانیای فەیسبووک ڕووکارە نوێیەکەی بۆ ژمارەیەکی کەم لە بەکارهێنەران بەردەستکرد، بە مەبەستی تاقیکردنەوە و وەرگرتنی ڕەخنەی بەکارهێنەران لەسەر ڕووکارەکە. هەروەها کۆمپانیاکە ڕێگەی بەوانە دەدا کە ڕووکارە نوێیەکەیان پێ گەیشتبوو، بتوانن بیگەڕێننەوە بۆ ڕووکارەکە کۆنەکە، هەر وەک پێگەی CNET تێبینی کردبوو.

کۆمپانیای فەیسبووک بۆ پێگەی CNET ـی پشتڕاست کردووە، کە دەیانەوێت بەر لە وەرزی بەهار، ڕووکارە نوێیەکەی فەیسبووک بۆ سەرجەم بەکارهێنەران لە وێبدا بەردەست بکەن. بەمەش، پێویستە پێشبینی بکەین کە تاوەکو ڕێکەوتی 19 ـی مانگی 3، ڕووکارەکە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

ڕووکارە نوێیەکەی فەیسبووک بۆ وێب، زۆرینەی لە ڕەنگی سپی پێکهاتووە و زۆر لە ڕووکارە کۆنەکە ڕووناکترە و خاوەن چەندین گۆڕانکاری دیکەیە. هەروەها، خاوەن دۆخی تاریکە، بۆ ڕەشکردنی تەواوی بەشەکانی تۆڕەکە.

خوێنەرێکمان بە ناوی Zryan Sharif، ئاشکرای کرد کە ڕووکارەکەیان بە هەبوونی دۆخی تاریکەوە پێ گەیشتووە و نموونەیەکی لێی لەگەڵماندا هاوبەشی پێ کرد.

هێشتا کۆمپانیاکە هیچی ئاشکرا نەکردووە سەبارەت بە بەردەستکردنی دۆخی تاریک بۆ بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە ئەپەکە.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ