ئامێرە هەمەجۆرەکان 6, ئازار 2020

کاتژمێری زیرەکی Oppo Watch بە ڕووکاری ColorOS و هەستەوەری ECG و 2 قەبارەی جیاوازەوە نمایشکرا

لە پاڵ نمایشکردنی مۆبایلەکانی Oppo Find X2 و Find X2 Pro، کۆمپانیای Oppo یەکەمین کاتژمێری زیرەکی خۆی بە ناوی Oppo Watch بە ڕووکاری ColorOS و هەستەوەری ECG و 2 قەبارەی جیاوازەوە نمایشکرد.

هەر وەک پێشتر Oppo دیزاینی کاتژمێرە زیرەکەکەی ئاشکرا کردبوو، بە ڕادەیەکی زۆر لە Apple Watch ـی ئەپڵ دەچێت، بەڵام ئەم کەمێک تەنکتر بەدیار دەکەوێت و ڕوونماکەی لێوار چەماوەییە. با لە ڕوونماکەیەوە دەست پێ بکەیت، کاتژمێرە زیرەکەکە خاوەن ڕوونمایەکە لە جۆری AMOLED و نیتی 326ppi، خاوەن بژاردەکانی قەبارەی 1.6 ئینج (41 میلیمەتر) و 1.9 ئینج (46 میلیمەتر) ـە و لێوارەکانی چەماوەیین.

لاشەکەی لە جۆری ئەلەمنیۆمە و لە ڕاستەوە خاوەن 2 دانە دوگمەی تەختە بۆ ئەنجامدانی کردارەکان. کاتژمێرەکە توانای هەیە ترپەکانی دڵ و خەوتن پێوانە بکات، هەروەها خاوەن هەستەوەری ECG ـیشە تایبەت بە نەخشەکێشانی لێدانەکانی دڵ.

کاتژمێرە زیرەکەکە پڕۆسێسەری Snapdragon Wear 2500 ـی لەسەر جێگیر کراوە لەگەڵ پڕۆسێسەری جێگرەوەی Apollo 3 و خاوەن ڕامی 8 گێگابایتە. پشتگیری لە تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی خێرای Watch VOOC دەکات، بەمەش پاترییەکەی تاوەکو 50% پڕ دەبێت بە ماوەی 17 خولەک. بە یەک جار بارگاویکردنەوە، پاتری کاتژمێرە زیرەکەکە بەرگەی 40 کاتژمێر لە بەکارهێنانی ئاسایی دەگرێت.

لە لایەنی نەرمەکاڵاوە، بە ڕووکاری ColorOS Watch ـی بنچینەکراو لەسەر Android کار دەکات. کاتژمێرە زیرەکەکە خاوەن دەرچەی سیمکارت نییە، بەڵکو خاوەن تەکنەلۆژیای eSIM ـە کە تەکنەلۆژیای سیمکارتی ئەلکترۆنی فەراهەم دەکات، لە پاڵ ئەوەشدا پشتگیری لە تایبەتمەندییەکانی GPS و NFC دەکات.

نرخی جۆری 41 میلیمەتری کاتژمێری زیرەکی Oppo Watch بڕی 215$ دەبێت و جۆرە 46 میلیمەترییەکەشی 288$ دەبێت و بە ڕەنگەکانی ڕەش و ئاڵتونی بەردەست دەکرێت. داواکاری پێشوەختە لە ئەمڕۆوە کراوە دەبێت بۆ ئەنجامدان و لە ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگەدا دەست بە فرۆشتنی دەکرێت لە چین. نەگوتراوە کە کەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ