ئای ئۆ ئێس 2, ئازار 2020

ئەپی Facebook Messenger بە دیزاینی نوێ و خێرایی دوو هێندە و قەبارەی کەمترەوە بۆ iOS نوێکرایەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەمان زانی کە فەیسبووک دەیویست گۆڕانکاری لە دیزاینی ئەپی نامەبەری Facebook Messenger ـدا بکات. ئێستا دەست کرا بە بەردەستکردنی دیزاینەکە بۆ بەکارهێنەرانی ئەپەکە لە iOS.

لە بڵاوکراوەیەکدا، ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک ڕایگەیاند کە ئەپی Facebook Messenger ـیان بە ژمارەیەک گۆڕانکاری نوێوە بۆ iOS نوێکردەوە. ئێستا ئەپەکە دوو هێندە خێراترە بە بەراورد بە وەشانی پێش خۆی و قەبارەشی بە ڕێژەی 25% کەمتر کراوەتەوە.

یەکێک لە گۆڕانکارییەکی دیکەی، گۆڕینی دیزاینەکەیەتی بۆ دیزاینێکی سادەتر. گۆڕانکاری دیزاین تەنها بەشی People ـی نێو ئەپەکەی گرتووەتەوە و لەمەودوا لە بەشەکەدا ستۆرییەکان بە گەورەتر و لیستی هاوڕێ چالاکەکان بە شێوەیەکی باشتر دەبیندرێن. هەروەها بەشی Discover لە ئەپەکەدا لابرا و ئێستا ئەپەکە تەنها خاوەن 2 بەشە.

بە هۆی ئەوەی کە بەشی Discover چیدیکە بەشێک نییە لە ئەپەکە، بەشی یارییەکانی Facebook Instant Games ـیش سڕایەوە کە پێشتر لە نێو بەشی Discover ـدا بوونی هەبوو. بە گوێرەی فەیسبووک بێت، هۆکاری لابردنی بەشی Discover دەگەڕێتەوە بۆ سوود نەگەیاندن بە بەکارهێنەران.

لە بڵاوکراوەکەی فەیسبووکدا، مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە لەم وەشانە نوێیەدا هەست بەوە دەکەیت کە ئەپەکە زۆر خێراتر دەکرێتەوە و کاردانەوەی خێراترە لە نێو ئەپەکانی دیکەدا. بەمەش لە کاتی کردنەوەی ئەپەکەدا بۆ چەند جارێک لە ڕۆژێکدا، پێویست ناکات چەند چرکەیەک چاوەڕێ بکەیت تاوەکو ئەپەکە بە تەواوەتی بکرێتەوە.

هەر سەبارەت بە خێرایی ئەپەکە، فەیسبووک لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە سەر لە نوێ ئەپەکەیان داڕشتۆتەوە و 85% ـی کۆدەکانی نێویان کەمکردۆتەوە.

فەیسبووک ئاماژەشی بەوە کرد کە لە داهاتوودا تایبەتمەندییە سڕاوەکانی نێو ئەپەکە زیاد دەکەنەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە کام تایبەتمەندییانەی ئەپەکەی سڕیوەتەوە یاخود کەی زیادیان دەکاتەوە.

من ئەپەکەم نوێ کردەوە، بەڵام دیزاینە نوێیەکەم پێ نەگەیشتووە و بەشی Discover هەر لە نێو ئەپەکەدا بوونی ماوە، وا دەرناکەوێت لە هەمان کاتدا سەرجەم تایبەتمەندییە نوێیەکان بگاتە دەست بەکارهێنەرانی ئەپەکە.

وەشانە نوێیەکەی ئەپە بە گۆڕانکارییە ئاماژەپێکراوەکان بەردەستە بۆ داگرتن بۆ iOS، فەیسبووک هیچی نەگووت سەبارەت بە زیادکردنی هەمان گۆڕانکارییەکان بۆ ئەپەکە لە Android.

  • Facebook Messenger
    دابەزاندن
  • سەرچاوە The Verge9To5Mac
    بۆچونی تۆ