تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 18, كانونی یه‌كه‌م 2019

فەیسبووک زمانی کوردی بۆ زمانە جیاوازەکانی بڵاوکراوەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام و بە پێچەوانەوە زیادکرد

بە شێوەیەکی تەواو چاوەڕوان نەکراو، ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک زمانی کوردی ناوەندی (کوردی سۆرانی) بۆ زمانە جیاوازەکانی بڵاوکراوەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام و بە پێچەوانەوە زیادکرد.

هاوشێوەی زمانە جیاوازەکانی دیکە، لەمەودوا فەیسبووک بەکارهێنەرە کوردەکانیش بێبەش ناکات لە وەرگێڕانی بڵاوکراوەکانی تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام بۆ سەر زمانی دایک، کوردی و بە پێچەوانەوە. ئەو بڵاوکراوانەی کە بە زمانە جیاوازەکان لە فەیسبووک و ئینستەگرامدا بڵاوکراونەتەوە، لەمەودوا دەتوانرێت وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی. هەروەها دەتوانرێت بە پێچەوانەشەوە، ئەو بڵاوکراوانەی کە بە زمانی کوردی لە فەیسبووکدا بڵاوکراونەتەوە، وەربگێڕدرێنە سەر زمانی بنچینەیی بەکارهێنەر، جا چی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی یاخود هەر زمانێکی دیکە بێت. ئەمە سوودی تەواوەتی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە کورد نین و لە کوردی نازانن.

ئەمە نموونەی ژمارەیەک بڵاوکراوەی ئینگلیزییە لە فەیسبووک، کە بە پەنجەدان لە دوگمەی See Translation، ڕاستەوخۆ فەیسبووک وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی سۆرانی بۆمان.

هەروەها ئەمەش بڵاوکراوەیەکی ئینستەگرامە، کە بە پەنجەدان لە دوگمەی See Translation، ڕاستەوخۆ بڵاوکراوەکەی لە کوردییەوە بە کەمترین هەڵە وەرگێڕاوەتەوە سەر ئینگلیزی. ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، ئەگەر بڵاوکراوەیەک بە زمانی سیستەمی مۆبایلەکەت لە ئینستەگرام بڵاوکرابێتەوە، تۆڕەکە ناتوانێت وەریبگێڕێتە سەر زمانێکی دیکە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەتوانێت.

بێگومان، ئەم وەرگێڕانەی زمانی کوردی و بە پێچەوانەوە لە بڵاوکراوەکانی فەیسبووک و ئینستەگرامدا، 100% بێ هەڵە و کەم و کورتی نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە ئێستادا وەرگێڕانی زمانی کوردی لە تۆڕەکاندا لە قۆناغێکی سەرەتایدایە و گومان لەوەدا نییە کە بە پێی کات باشتر دەکرێت. هەروەها لەگەڵ بڵاوکراوەکە کورتەکاندا باشتر وەرگێڕان ئەنجام دەدات.

ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە مەزنە لە لایەن فەیسبووکەوە، پێویست بە دەستخۆشی دەکات و پێویستە بەرز بنرخێندرێت، هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ ئەو کەسانەشی کە ڕۆڵیان هەبووە لەم پڕۆسە نایابەدا. ئێمە دەڵێین: “سوپاس، فەیسبووک!”.

بەو هیوایەی کە گووگڵ و تۆڕەکانی دیکەش چاو لە فەیسبووک بکەن و زمانی کوردیش بخەنە پاڵ زمانەکانی دیکەی وەرگێڕانی تۆڕەکانیان.

چۆنیەتی گۆڕینی زمانی وەرگێڕان بۆ کوردی:

بۆچونی تۆ