مایکرۆسۆفت 14, كانونی دووه‌م 2020

مایکرۆسۆفت کۆتایی بە پشتگیریکردنی لە سیستەمی Windows 7 هێنا

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ مایکرۆسۆفت، لەبەر ئەوەی چیدیکە پشتگیری لە سیستەمی بەناوبانگ و دێرین و پڕبەکارهێنەری Windows 7 ناکات.

چەند مانگێکی زۆر لەبەومەر، کۆمپانیا ئەمریکییەکە ڕایگەیاندبوو کە لە ڕێکەوتی 14 ـی یەکەمین مانگی ساڵی 2020 ـدا، پشتگیری خۆی لە سیستەمی Windows 7 ڕادەگرێت و چیدیکە نوێکاری ئاسایشی بۆ ڕەوانە ناکات. ڕێکەوتەکە ئەمڕۆ دەکات و ئیدی چیدیکە مایکرۆسۆفت لە هیچ ڕوویەکەوە پشتگیری لە سیستەمی Windows 7 ناکات.

سیستەمی Windows 7 نزیکەی 11 ساڵ لەمەوبەر لە کەمپنیێکی بە بازاڕ کردن لە شاری New York City لە ژێر درووشمی “من کۆمپیوتەرم، وە Windows 7 ـیش مێشکمە.” ڕاگەیاندرا. لە ڕاستیدا، ڕاگەیاندنی سیستەمی Windows 7 بۆ داپۆشینی کەم و کورتییەکانی وەشانی پێشووی، Windows Vista بوو، ئەم کارەی بە هۆی هەبوونی شریتی کرداری نوێ، بەڕێوەبەرایەتی پەنجەرەی Aero، کۆگای پەڕگەکان و زیاترەوە زۆر بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا.

سیستەمی Windows 7، یەکێک بوو لە هەرە بەناوبانگترین سیستەمە کارپێکەرەکان لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە، Windows 10 پێویستی بە 4 ساڵی تەواو بوو تاوەکو لە ڕێژەی بەکارهێناندا بە سیستەمە ناوبراوەکە بگاتەوە. تەنانەت لە ئەمڕۆشدا، ملیۆنان کۆمپیوتەر لەسەر سیستەمی Windows 7 کار دەکەن و ڕێژەی 26% ـی سەرجەم کۆمپیوتەرەکانی جیهان پێک دەهێنێت (بە پێی پێگەی Netmarketshare). مایکرۆسۆفت بۆ چەند ساڵێک هەوڵیدا تاوەکو زۆر لە بەکارهێنەران بکات بۆ ئەوەی وەشانی کۆمپیوتەرەکانیان لە Windows 7 ـەوە بۆ Windows 10 نوێ بکەنەوە.

بەڵام، لەمەودوا مەترسی دەچێتە سەر ملیۆنان کۆمپیوتەر کە لەسەر سیستەمی Windows 7 کار دەکەن، بە هۆی نەهێشتنی پشتگیرییەکەی مایکرۆسۆفت و ڕەوانە نەکردنی وەشانی ئاسایشی، بەمەش بەکارهێنەرانی سیستەمەکە زیاتر لە جاران ڕووبەڕووی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کەلێنەکان دەبنەوە.

مایکرۆسۆفت لە ماوەی ڕابردوودا ئاگادارکەرەوەی تایبەتی بە نەهێشتنی پشتگیری لە سیستەمی Windows 7 ڕەوانەی بەکارهێنەرانی سیستەمەکە کردبوو و تێیدا داوا لە بەکارهێنەران کرابوو تاوەکو وەشانی سیستەمەکەیان نوێ بکەنەوە، بۆ بەدوور بوون لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

سەرباری ئەمە، کۆمپانیاکە دەرفەت دەدات بە بازرگان و فێرگەکان تاوەکو بۆ ماوەی چەند ساڵێکی زیاتر وەشانی ئاسایشی ڕەوانەی Windows 7 ـەکانیان بکرێت، ئەمە بە خۆڕایی نییە و نرخەکان بە شێوەیەکن کە بە پێدانی بڕی 20$ و 50$ تاوەکو ساڵی 2021، بڕی 100$ و 200$ تاوەکو ساڵی 2022 دەتوانیت وەشانی ئاسایشی لە سیستەمەکە بەدەست بخەیت، نرخەکان بە پێی وەشانەکانی Windows 7 دەگۆڕێن.

ئێستا کاتی ئەوەیە تاوەکو خەم لە بەرزکردنەوەی وەشانی سیستەمی کۆمپیوتەرەکەت بخۆیت ئەگەر لەسەر Windows 7 کار دەکات، مایکرۆسۆفت ڕێگەت دەدات بە خۆڕایی و بەبێ پێدانی هیچ بڕە پارەیەک وەشانی کۆمپیوتەرەکەت لە Windows 7 ـەوە نوێ بکەیتەوە بۆ Windows 10.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ