چۆنییەتی 14, كانونی دووه‌م 2020

چۆنیەتی نوێکردنەوەی Windows 7 بۆ Windows 10 بە خۆڕایی

ئەمڕۆ کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە یەکجاری کۆتایی بە پشتگیریکردنی خۆی لە سیستەمی Windows 7 هێنا و چیدیکە وەشانی ئاسایشی بۆ ڕەوانە ناکات، بەمەش بەکارهێنەرانی سیستەمەکە زۆر زیاتر لە جاران دەکەونە ژێر مەترسی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە. هەروەک کۆمپانیاکە پێشنیاز بۆ بەکارهێنەرانی سیستەمەکە دەکات تاوەکو وەشانەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ Windows 10 بۆ بەدوور بوون لە هەر مەترسییەک.

هەرچەندە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بۆ چەند ساڵێکی زۆر دەبێت ئۆفەری نوێکردنەوەی بە خۆڕایی Windows 10 ـی لە Windows 7 و Windows 8 و Windows 8.1 ـەوە ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا هەلێک هەیە تاوەکو Windows 10 بە خۆڕایی و بە بێ هیچ بڕە پارەیەک بەدەست بهێنیت.

لەم بابەتەدا، کەی ئای تی ئێن هەنگاو بە هەنگاو پێت دەڵێت کە چۆن کۆمپیوتەرە Windows 7 ـەکەت نوێ بکەیتەوە بۆ Windows 10 بە خۆڕایی، لە کاتێکدا کە نرخی Windows 10 لە 139$ ـەوە دەست پێدەکات. بەڵام، تکایە پێش هەموو شتێک، ئاگاداری تێبینییەکەی خوارەوە ببە.

نزمترین تایبەتمەندی ڕەقەکاڵا کە Windows 10 پشتگیری لێ دەکات:

  • پڕۆسێسەر: خێرایی 1 گێگاهێرتز یان زیاتر.
  • ڕام: 1 گێگابایت یان زیاتر بۆ 32 بت و 2 گێگابایت یان زیاتر بۆ 64 بت.
  • فراوانی پێویستی بیرگە: بۆ نوێکردنەوە: 16 گێگابایت یان زیاتر بۆ 32 بت و 20 گێگابایت یان زیاتر بۆ 64 بت، بۆ جێگیرکردنی نوێ (فۆڕماتی تەواوەتی): 32 گێگابایت یان زیاتر.
  • گرافیک: DirectX 9 یان نوێتر و لەگەڵ وەگەڕخەری WDDM 1.0.
  • وردی نیشاندانی ڕوونما: 800 بە 600 پێکسڵ.
  • ڕایەڵە: Wi-Fi یان پەیوەستکەری Ethernet.

چۆنیەتی نوێکردنەوەی Windows 7 بۆ Windows 10 بە خۆڕایی:

تێبینی (گرنگ!): نوێکردنەوەی Windows 7 بۆ Windows 10 ڕەنگە ببێتە هۆی سڕینەوەی سەرجەم پەڕگە و بوخچە و زانیارییە کەسییەکانت، هەر چەندە بژاردەیەک هەیە بۆ نەسڕاندنەوەیان لە کاتی نوێکردنەوە، بەڵام بە هۆی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پەڕگەکانی سیستەمی Windows 7 و Windows 10، ئەمە جێگەی متمانە نییە. هەر بۆیە، سەرجەم زانیارییەکانت بخەرە درایڤێکی دیکەی کۆمپیوتەرەکەت یاخود لە نێو بیرگەیەکی دەرەکی پاشەکەوتیان بکە. بەرپرسیار نین ئەگەر هەر شتێک بەسەر زانیارییە کەسییەکانت ڕووبدات!

  • داگرتنی ئەپی Media Creation Tool (کرتە لێرە بکە).
  • کرتە کردن لە دوگمەی “Download tool now” بۆ داگرتنی ئەپەکە.
  • بگەڕێ بۆ ئەپی MediaCreationTool.exe لە کۆمپیوتەرەکەت لە دوای داگرتنی (بە شێوەی بنەڕەتی دەڕواتە بوخچەی Downloads ئەگەر شوێنەکەت نەگۆڕیبێت)، دواتر کرتە (کلیل) ـی ڕاستی لەسەر بکە و “Run As Administration” هەڵبژێرە.
  • کرتە کردن لە Accept.
  • کرتە کردن لە بژاردەی Upgrade this PC now و لە پاشان Next.
  • داوات لێ دەکات کە بە یاسا و مۆڵەتەکان ڕازی ببیت، کرتە لە Accept بکە.
  • لە پاشان، داوات لێ دەکات کە پەڕگە و بوخچە و زانیارییە کەسییەکانت بهێڵێتەوە یاخود بیسڕێتەوە، Keep personal files and apps دیاری بکە. لە بیرت بێت: سەرجەم زانیارییەکانت بخەرە درایڤێکی دیکەی کۆمپیوتەرەکەت یاخود لە نێو بیرگەیەکی دەرەکی پاشەکەوتیان بکە.
  • کرتە لە Install بکە.

ئێستا پەڕگە تایبەتەکانی سیستەمی Windows 10 دادەگیرێن، ئەگەر هێڵی ئینتەرنێتەکەت خاو بێت، پێویستە بۆ ماوەیەک چاوەڕێ بکەیت، چونکە قەبارەکەی زۆرە.

لە پاش تەواوبوونی دامەزراندن، کە خودکارانە ئەنجامی دەدات، بڕۆ بۆ ئەپی Settings، لە پاشان بەشی Activation < Update & Security بۆ بەدەستهێنانی کلیلی چالاککردنی سیستەمە نوێیەکەت بە خۆڕایی.

Windows 10 ـی نوێت پیرۆز!

بۆچونی تۆ